کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشە سایبێرییەکانی ڕێژیمی ئێران بەردەوامە

12:58 - 18 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، هەوڵی هەککردنی بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەدات و چەندین ڤایرۆسی ئینتێرنێتیی بڵاو کردووەتەوە.

شارەزایەکی "ئای تی" لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا بڵاوی کردووەتەوە کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ هەککردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بەکارهێنەرانی دنیای مەجازی، لە نوێترین هەوڵیدا، ڤایرۆسێکی نوێی دروست کردووە.

ئەو شارەزایەی بەشی "ئای تی"، لەم بارەیەوە باسی لەوە کردووە: ''ڕێژیمی ئێران بە کەڵکوەرگرتن لە وێنەیەکی نووسراوە بە فۆرمەتی PNG که بۆ بەکارهێنەرانی ناردووە، دەیەوێت بەکارهێنەرانی ئینتێرنێت لە کاتی کردنەوە و دانلۆدی ئەو وێنەیەدا، IP و پەسڤۆردی ئەپەکانیان لەدەست بڕواتە دەرەوە".

ئەو فایلەی کە ڕێژیمی ئێران لە دنیای مەجازیدا بڵاوی کردووەتەوە، لە ڕێگای مۆبایل و ئیمەیل، بە پەیام بۆ بەکارهێنەران نێردراوە.

لە ماوەی ڕابردوودا، ڕێژیم لە چەند هێرشی سایبێریی دیکەدا، هەوڵی داوە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە دنیای مەجازیدا هەک بکات و زانیارییەکانیان بەدەست بێنێت.

ئەرتشی سایبێریی ڕێژیمی ئێران، بە بەشێک لە سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران دێتە ئەژمار کە سەرقاڵی چالاکیی تێرۆریستی لە فەزای سایبێریی جیهاندایە و ساڵی ١٣٨٦ی هەتاوی، بۆ چاوەدێری، لە ڕێگای هەک و دەست‏پێڕاگەیشتن بە زانیاریی گرینگ لە جیهاندا، دامەزراوە.