کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرش بۆ سەر فڕۆکەخانەی هەولێر هەوڵێکی تێرۆریستییە

18:44 - 31 خاکەلێوه 2721

"ڕێبەر ئەحمەد" وەزیری نێوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە هێرش بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر هەوڵێکی تێرۆریستییە و تەنیا ئامانجیان لەو هێرشانە تێکدانی ئەمنییەت و سەقامگیریی هەرێمی کوردستانە.

"ڕێبەر ئەحمەد" وتوویەتی؛ بکەرەکانی دوایین هێرشەکەی فڕۆکەخانەی هەولێر لەنێو هەرێمی کوردستاندا نینە و ئەو کەسانە لە پشت ناوەندەکانی جێگیربوونی هێزەکانی ئەرتش دزەیان کردووتە نێو هەرێمی کوردستان.

ناوبراو هەروەها جەختی کردووەتەوە ئەو بۆشاییە ئەمنییەی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم هەیە هەلێکی باشیان بۆ تێرۆریستان دروست کردووە و ئەو گرووپانەی شێوازی تێرۆریستیی دەگرنە بەر بۆ بەئامانجگرتنی هەرێمی کوردستان، پێشمەرگە و هێزەکانی عێراقیش سوودیان لەو بۆشاییە ئەمنییە وەرگرتووە.

"ڕێبەر ئەحمەد" باسی لەوە کردووە دوایین هێرشەکە بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە دڕۆن کەڵک وەرگیراوە و لێکۆڵینەوەکانی هاوبەش لەنێوان دەوڵەتی فێدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان درێژەی هەیە.