کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرش بۆ سەر نەوتکێشەکانی دەریای عومان مەحکووم دەکرێت

12:32 - 24 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: بە وتەی بەرپرسی دەورەیی شۆرای تەناهیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەندامانی شۆرای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دانیشتنێکدا، هێرش بۆ سەر دوو نەوتکێشی دەریای عومانیان، بە پێشنیاری ئامریکا، مەحکووم کرد.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٣ی جۆزەردان، لە دانیشتنێکی شۆرای تەناهیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، هێرش بۆ سەر دوو نەوتکێشی دەریای عومان لە لایەن ئەندامانی ئەو شۆراوە مەحکووم کراوە و بەرپرسی دەورەیی ئەو شۆرایە، "مەنسوور ئەلعەتیبی"، پیشوازیی لەو هەوڵەی ئەندامانی شۆراکە کردووە و داواکاریی لێکۆڵینەوەی تەواو و بێ‌لایەنگرانەی لەم بوارەدا کردووە.

"ئەلعەتیبی"، ئەو هێرشەی بە هەوڵێکی تاوانبارانە و پێشێلکردنی یاسای نێونەتەوەیی ناو لێ بردووە.

"جاناتان کۆهێن"، بەرپرسی نوێنەرایەتیی ئامریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا وتوویەتی: "ئامریکا بەڵگە و هەڵسەنگاندنەکانی خۆی سەبارەت بە بەرپرسیاربوونی ڕێژیمی ئێران بەرانبەر بەو هێرشەیان ڕادەستی شۆرای تەناهی کردووە."

ناوبراو لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو دانیشتنەی شۆرای تەناهی سەبارەت بە هێرشەکانی ئەم دواییانە بۆ سەر نەوتکێشەکانی دەریای عومان وتوویەتی: "ئەمە نموونەیەکی دیکە لە چالاکییە تێکدەرانەکانی ئیران لە ناوچەکەدایە."

هەر لەم پەیوەندییەدا، "مایک پۆمپێئۆ"، وەزیری کاروباری دەرەوەی ئامریکا، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی ڕاستەوخۆ بە بکەری ئەو هێرشە زانی.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٣ی جۆزەردان، هێرش کرایە سەر دوو نەوتکێش لە دەریای عوماندا و تووشی ئاگرکەوتنەوە بوون کە کاردانەوەی زۆریک لە وڵاتانی لێکەوتەوە.