کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرش کرایە سەر بنکە و میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە سووریە و یەمەن

11:24 - 17 رێبەندان 2719

بنکەکانی هێزەکانی ڕێژیمی سووریە و میلیشیا چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران لە دەمشقدا لەلایەن ئیسرائیلەوە هێرشی کرایە سەر و بە شێوەیەکی بەرین بۆردومان کران.

بەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە، ١٧ی ڕێبەندان، ڕێژیمی سووریە ڕایگەیاند، ئیسرائیل هێرشێکی هەوایی کردووەتە سەر سووریە و ناوچەکانی "ئەلکەسوە، مەرجولسوڵتان، پردی بەغدا لە نزیکیی دەمشق و باشووری ئەزرەع لە پارێزگای ئێدلێبـ"ـی بۆردومان کردووە.

دیدەبانی مافی مرۆڤ لە سووریە ڕایگەیاندووە، بۆردومانی ئیسرائیل، بنکەی هێزەکانی ڕێژیمی ئەسەد و میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانی لە بنکەی "تیپی ٩١"، گرێدراو بە لەشکری یەکەم لە نزیک شاری "ئەلکەسوە" و "تیپی ٧٥" لە نزیکیی گوندی "ئەلمەقیلبییە" لە ڕۆژئاوای دەمشقی، لە "بنکەی ئاسمانیی ئەلمەزە" و لە "ناوەندی لێکۆڵینەوەی زانستی" لە دەمشقی پێتەختی سووریە کردووەتە ئامانج.

هەروەها دیدەبانی مافی مرۆڤی سووریە ڕایگەیاندووە، هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر بنکەکانی هێزەکانی سووریە و میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە "ناوەندی لێکۆڵینەوەی زانستی" لە ناوچەی "جمرایا".

تا ئێستا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە زیانەکانی ئەو هێرشە بڵاو نەبووەتەوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا "مەعمەر ئێریانی"، وەزیری زانیاری گەیاندنی یەمەن، ڕۆژی چوارشەممە، ١٦ی ڕێبەندان، باسی لە کوژرانی هەژمارێک لە کارناسانی نیزامیی ئێرانی و لوبنانیی گرێدراو بە حیزبوڵڵا لە بەرەکانی "نەهیمە، سەرواح، ئەلجووف و ئەلبەیزا" کرد.

"ئێریانی" هەروەها ڕایگەیاندووە، ئەو هێرشە لەلایەن ئەرتشی میللیی لیبییەوە کراوە و لەو هێرشە بەربڵاوەدا بۆ سەر پارێزگا جیاوازەکانی یەمەن، سەدان کەس لە میلیشیا حووسییەکان و هەژمارێک لە فەرماندەران و کارناسانی نیزامیی حیزبوڵڵای لوبنان و ئێران کوژراون.

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاندووە، شەڕ و پێکدادان هەروا بەردەوامە و ئەرتشی میللیی یەمەن توانیویە زیانێکی زۆر بە میلیشیا چەکدارە حووسییەکان بگەیەنێت.