کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە شێوەی راستەوخۆ لە بەرەی جیهانیی دژی داعش، چەک وەردەگرێت

21:05 - 21 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: وڵاتانی هاوپەیمان و ئەندامی بەرەی جیهانیی دژی داعش، پرسی پێدانی راستەخۆی چەكی قورس بە هێزی پێشمەرگە‌ی کوردستان تاوتوێ دەکەن و ئاڵمان پێدانی چەکی قورس بە هێزی پێشمەرگە دەست پێدەکات.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، پاش كۆنفرانسی ئاشتی جیهانی کە لە ئاڵمان بەڕێوەچوو و مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان تێیدا بەشداریی کرد، چەند وڵاتێكی ناو بەرەی جیهانیی دژی داعش، پرسی پێدانی راستەوخۆی چەكی قورس بە هێزی پێشمەرگەیان بۆ رووبەڕوو بوونەوەی چەكدارانی گرووپی تیرۆریستیی داعش تاوتوێ کردووە.

جێنیفێر ساكی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاندووە: ئامریكا‌و وڵاتانی هاوپەیمان بەگشتی ‌و بە تایبەتی وڵاتی ئاڵمان بڕیاریان داوە کە بە شێوەیەکی راستەخۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە چەکی قورس پڕچەک بکەن.

بەپێێ راپۆرتە بڵاوکراوەکان، پاش ئەم بڕیارە وڵاتی ئاڵمان،بە پێدانی چەكی دژە تانک بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەستپێشخەری كردووە.

حکوومەتی ئاڵمان هەروەها بڕیاری داوە کە جگە لە چەکی دژەتانک، ژمارەیەكی زۆر هاوەن‌و تەقەمەنیی پێویست رەوانەی هەرێمی کوردستان بكات\'\'.

پێشتریش فرانك شتان مایەر، وەزیری‌کاروباری دەرەوەی‌ئاڵمان رایگەیاندبوو کە سەرەڕای‌ناڕەزایەتییەكان، وڵاتەكەی پشتیوانی‌له هێزی‌پێشمەرگەی‌كوردستان دەكات‌و لەرێگەی‌پێدانی‌چەك‌و تەقەمەنیش هاوكارییان دەكات‌.

هەروەها، ئورزولا فون دیر لاین، وەزیری‌بەرگریی‌ئاڵمان رایگەیاندووە کە بە بڕی‌١٣ میلیۆن یۆرۆ هاوكاریی‌چەك ‌و تەقەمەنی‌نوێ‌بۆ هێزی پێشمەرگە دەنێرن.

پاش چڕبوونەوەی هێرشەکان گرووپیی تیرۆریستیی داعش بۆ سەر کوردستان، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لەلایەن ئامریكا و چەند وڵاتێكەوە بۆ هاوکاریی هێزی پێشمەرگە کە لەگەڵ داعشدا لەشەردایە، پێك هات.

بە وتەی وتەبێژی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، لە رێکەوتی ٢٠ی جۆزەردانەوە تاکوو ١٥ی رێبەندان لە شەڕێ دژی داعشدا، ٩٩٩ پێشمەرگە شەهید کراون.

بە پێی ئامارەکانی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، لەو ماوەیەدا، ٤ هەزار و ٥٩٦ پێشمەرگەش بریندار کراون.

ئاویەر.ت