کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزێکی دوو هەزار کەسیی سپای پاسداران، سنووری عێراقی بەزاند

15:37 - 25 جۆزەردان 2714

کوردستان میدیا: لە دوو رۆژی رابردوودا زیاتر لە ٢ هەزار کەس لە هێزەکانی سپای پاسدارانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران، بە بیانووی شەڕ لەگەڵ داعش، سنووری عێراق و هەرێمی کوردستانیان بەزاند و چوونە نێو خاکی ئەو وڵاتەوە.
رۆژنامەی گاردیەن لە زاری لێپرسراوێکی پایەبەرزی عێراقییەوە بڵاوی کردووەتەوە، ١٥٠٠ کەس لەو هێزانەی رێژیمی ئێران لە سنووری پارێزگای دیالەوە چوونەتە شاری خانەقین ناوەندی ئەو پارێزگایە و هەروەها ٥٠٠ کەسیش رۆژی شەممە لە ناوچەی بەدرە و جەسان لە پارێزگای واسیت، جێگیر بوون.

بەزاندنی سنوور و سەروەریی خاکی عێراق لەلایەن رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە کاتێک دایە کە حەسەن رۆحانی سەرکۆماری رێژیمی ئیسلامیی ئێران، وتبووی: ئەگەر دەوڵەتی عێراق داوایان لێ بکات لە هەمبەر هێزەکانی داعش هاوکارییان دەکەن.

هەتا ئێستا روون نییە عێراق داوای یارمەتیی لە رێژیمی ئێران کردووە یان نا، بەڵام ئەوەی کە روون و ئاشکرایە رێژیمی ئێران خاک و سەروەریی وڵاتی عێراق و هەرێمی کوردستان بەزاندووە.

چەند رۆژ پێش ئێستا هێزە میلیشیاکانی گرووپی تیرۆریستیی داعش ناسراو بە دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام، هێرشیان کردە سەر خاکی عێراق و لە ماوەی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێردا شاری مووسڵ ناوەندی پارێزگای \'\'نەینەوا\'\'یان داگیر کرد.

پاش هێرشی هێزە میلیشیاکانی داعش و کشانەوەی سپای عێراق، هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی سنووری هەرێمی کوردستانی کۆنترۆڵ کردەوە و لە چەند شوێنێکیشدا شەڕ و تێکهەڵچوون لەنێوان داعش و هێزی پێشمەرگەدا دروست بوو کە کوژران و برینداربوونی چەندین چەکداری داعشی لێکەوتەوە.