کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەی "هەوارە بەرخەلە"ی "پیرانشار" دەستیان بەسەر ئاسەواری مێژووییدا گرت

11:09 - 24 سەرماوەز 2721

بە وتەی سەرچاوەکانی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، هێزەکانی هەنگی سنووریی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەی "هەوارە بەرخەلە" سەر بە شاری "پیرانشار"، گۆزەیەکی پڕ لە سکەی "زیو"یان دۆزیوەتەوە و پاشان ڕادەستی مۆزەخانەی شاری "ورمێـ"ـیان کردووە.

ئەو سکانە لە شێوە جۆراوجۆرەکانی سەردەمی پاشاکان لەوانە: "خوسرەوی دووەم، هۆرمزی پێنجەم، یەزگردی سێهەم و خوسرەوپەرویز" بوون.

بەپێی سەرچاوەکانی ڕێژیم هێزەکانی هەنگی سنووری لەناکاو بەسەر ئەو گۆزە سکەدا کەوتوون، بەڵام سپای پاسداران و هێزەکانی سیستماتیک بەدوای ئاسەوارە مێژووییەکانی کوردستانەوەن بۆ ئەوەی مێژوو و شارەستانییەتی ئەو جوغرافیایە بسڕنەوە و لەلایەکی دیکەوە قازانجی ئابووریی لێ دەبینن.

پێشتریش لە ساڵی ١٣٩٧دا پەرتووکێک لە پەیوەندی لەگەڵ سکەکانی سەردەمی ساسانی لە گوندی "کۆنەلاجانـ"ـی "پیرانشار" دۆزرایەوە، هەروەها ساڵی ١٣٨٥ و لە دوای گەڕان و هەڵکۆڵینی خاکی ئەو گوندەی "پیرانشار"، سپای پاسداران هەزار و ٣٠٠ سکەی "زیو"یـان دۆزییەوە و بە وتەی خۆیان ڕادەستی مۆزەخانەی "ورمێ" کراون.