کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە تاران هێرشیان کردە سەر کاسبکارانی ناڕازی

18:03 - 22 جۆزەردان 2722

هاوکات لەگەڵ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خانەنشینکراوان لە چەندین شاری ئێران، کۆمەڵێک لە کاسبکار و بازاڕییان لە چەند شوێنی تاران سەبارەت بە بەرزبوونەوەی بێ ڕێسای ماڵیاتی کەرتی تایبەت، دەستیان لەکار کێشاوە و مانیان گرتووە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، هێزە سەرکوتکەرەکان بۆ بڵاوەپێکردنی کاسبکارانی ناڕازی لە ''سێڕێیانی ئەمین'' سەرەڕای هێرش بۆ سەر خۆپیشاندەران، شوشەی پەنجەرەی هێندێک لە دووکانەکانیان شکاندووە و پلاکی ماشینەکانیان هەڵکەندووە.

هەروەها بەپێی ڤیدیۆ بڵاوکراوەکان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی، هێندێک لە کاسبکاران لە تاران لە دەوروبەری سێڕێیانی ''ئەمین'' و چواڕێیانی ''جمهوری'' خەڵکیان بۆ داخستنی دووکانەکان بانگهێشت کردووە و دروشمی ''کێشەی ئێمە چارەسەر نەبێت، لە تاران قیامەت دەبێت'' سەر داوە.

هێندێک لە سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بۆ ٣٣ هەزار تمەن لە ڕۆژی یەکشەممەدا، وەکوو چەخماخەی ئەو ناڕەزایەتییە بووە.

هەروەها خانەنشینکراوان لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی خۆیان لەمەڕ ناڕەزایەتی دەربڕین بە دۆخی ئێستا و کەمیی موچەکانیان، دژی ڕێژیم و کاربەدەستانی ئەو ڕێژیمە لە شارەکانی کوردستان و ئێران هاتنە سەر شەقام.

خانەشینکراوان لە شارەکانی سنە، کرماشان، ئەحواز، تاران، مەشهەد، ئیسفەهان، ساری و دەیان شاری دیکە خۆپیشاندانیان بەڕێوە بردووە کە لە هێندیک لە شارەکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە هێرشیان کراوەتە سەر.