کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزە ئینتزامییەکانی رێژیم لە ناوچەی ئورمیە دەستیان بەسەر ماهوارەی هاووڵاتییاندا گرت

15:03 - 17 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: هێزەکانی سەربە پاسگای رەشەکان لە ناوچەی دۆڵ سەر بە شاری ئورمیە لە گوندەکانی نەناس و ناسرابات، ژمارەیەک دیشی ماهوارەی هاووڵاتییانیان کۆ کردەوە.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی هەینی رێکەوتی ١٤ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی هێزە ئینتزامییەکان ماهوارەی ژمارەیەکی بەرچاو لە دانیشتوانی ئاوایی نەناس و ناسراباتیان لە ناوچەی دۆڵ کۆ کردەوە.

هێزەکانی رێژیم لە درێژەی گەڵاڵەی کۆ کردنەوەی ماهوارە، ماوەیەکە بە شێوەیەکی بەربڵاو دەستیان بە زەوت کردنی ماهوارەی هاووڵاتییان لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستاندا کردووە.

لەو پەیوەندییەدا لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە بیانووی جۆراوجۆر و بە شێوەی نایاسایی لە سایین‌قەڵا هێرشیان کردوەتە سەر ماڵی هاووڵاتییانی کورد و بە بیانووی کۆ کردنەوەی ماهوارە، ماڵی هاووڵاتیانی کوردیان پشکنیوە.

چوونە ژوورەوەی نایاسایی و بە بێ موڵەت بۆ نێو ماڵی هاووڵاتییانی کورد لە کوردستان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکان بە تایبەت هێزە نیزامییەکان لە حاڵێکدا کە لە ماددەی ١٠٠ی یاسای ئایینی دادوەریی تاوان باس لەوە دەکات کە پشکنینی ماڵ لە رۆژدا ئەنجام دەدرێت و لە شەودا تەنیا لە کاتێکدا کە پێویست بێت و دادوەر لە مەجلیسدا ئەو بڕیارەی دەر کردبێت.