کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزە ئینتیزامییەکانی ڕێژیم هێرشیان کردە سەر خۆپیشاندانی ماڵدۆڕاوانی کڕینی ماشین

12:39 - 5 بانەمەڕ 2721

لەکاتێکدا ماڵدۆڕاوانی شیرکەتی ئازویکۆ لە بەردەم باڵاخانەی وەزارەتی پیشە، کانگا و بازرگانی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە دەبرد، هێزە ئینتیزامییەکان هێرشیان کردووەته سەر خۆپیشاندەران.

خەڵکی ماڵدۆڕاو کە ٤ ساڵ پێش ناونووسین لە شیرکەتی "ئازویکۆ کردووە هێشتا ماشینیان وەرنەگرتووە، ڕۆژی شەممە ٤ی بانەمەڕ، لە بەرانبەر وەزارەتی پیشە، کانگا و بازرگانی دەستیان دابووە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی؛ لەگەڵ توندوتیژی و هێرشی هێزە ئینتزامییەکان بەرەوڕوو بوویەوە.

ڤیدیۆوە بڵاوکراوەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا پیشان دەدات هێزە ئینتزامییەکانی ڕێژیم هێرشیان کردووەتە سەر خەڵکی خۆپیشاندەر و لێیان داون.

خەڵکی خۆپیشاندەر پاش هێرشی هێزە ئینتیزامییەکان دەستیان بە لێدان و تێکهەڵچوون لەگەڵیاندا کردووە و دروشمی "بێ شەرەف، بێ شەرەفـ"ـیان وتووەتەوە.

خۆپیشاندەران بە شێوەیەکی ئاشتیخوازانە لەبەردەم باڵاخانەی ئەو وەزارەتە کۆ ببوونەوە و دروشمی "وەزیر شەرەفت هەبێ، وەرە وڵامت ببێـ"ـیان وتووەتەوە کە لەناکاو هێزە ئینتیزامییەکانی ڕێژیم هێرشیان کردووەتە سەریان.

لەماوەی ڕابردوودا بەردەوام ماڵدۆڕاوان لە ئێراندا بەتایبەت ماڵدۆڕاوانی بورس بە شێوەیەکی بەرین و لە زۆربەی شارەکاندا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانیان بەڕێوە بردووە و زۆربەی کاتیش بە توندوتیژی لەلایەن هێزە ئینتیزامی و ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە وڵام دراوەتەوە.