د. میرۆ عەلیار
به‌دوای کۆنگره‌ی ١٦ی ح.د.ک.ئـ. و پێکهاتنی ئاڵووگۆڕی قووڵ له قه‌واره و ساختاری حیزب دا، ته‌واو ئاسایی و مه‌نتقیه که ئه‌و ڕووداوه پێداویستیی به‌خۆداچوونه‌وه و پێکهاتنی ئاڵووگۆڕی پێویست له ساختاری فیکریی حیزبیش به‌دوای خۆیدا بێنێ. سیستمی نوێ پێویستیی به بیرکردنه‌وه و تێڕوانین و ستراتێژی نوێ هه‌یه. سه‌رکه‌وتنی ساختاری نوێ گرێدراوه به په‌روه‌ده و کولتووری سیاسی نوێ.
له‌پێناو سه‌رخستنی سیستمی نوێی حیزب دا، خستنه‌به‌رباس و وڵامدانه‌وه به پرسیارگه‌لێکی گرینگ پێویسته. یه‌ک له‌و ته‌وه‌ره گرینگانه که ده‌بێ شی بکرێته‌وه و وڵامی گونجاوی بۆ بدۆزرێته‌وه، پرسی "هێز" و "به‌هێزبوون"ـه.
به‌دوای ده‌ستپێکردنی خه‌باتی نوێی حیزبه‌که‌مان، خه‌باتی شار و شاخ، پرسی "هێز" و بوون به هێزی کاریگه‌ر، زیاتر زه‌ق بۆته‌وه و له زۆربه‌ی کۆڕ و کۆبوونه‌وه‌کانی حیزب دا دێته گۆڕێ و هه‌رکه‌سه‌ی له ڕوانگه‌ی خۆیه‌وه وڵامی ئه‌و پرسیاره ده‌داته‌وه که چۆن به‌هیز بین، باشتره بڵه‌ین، چۆن ئه‌وه‌نده به‌هێز بین که وڵامده‌ره‌وه‌ی شێوه‌خه‌باتی نوێمان و ویست و پێداویستییه‌کانی ئه‌وڕۆی جووڵانه‌وه بین؟
ئه‌و پرسیاره، پرسیارگه‌لێکی دیکه‌ی لێده‌که‌وێته‌وه: کامانه‌ن هێما و نمادی "هێز" و ده‌سه‌ڵات؟ "هێز" یانی چه‌ک و پاره‌ی زۆر؟ چه‌ک و پاره‌ی زۆر به‌ته‌نیا، وڵامده‌ره‌وه‌ی پێداویستییه‌کانی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی ڕزگاریخوازن؟ پێوه‌ندیی نێوان "هێز" و "ڕه‌وایی"؟ پێوه‌ندیی نێوان "هێز" و "ئیعتباری سیاسی"؟
خۆماندووکردن به‌و پرسیارانه‌وه و به‌رچاوڕوونی له‌مه‌ر ئه‌و پرسیارانه به‌تایبه‌تی بۆ خه‌باتی نه‌ته‌وه‌ییمان پێویست و یه‌کلاکه‌روه‌یه.
به‌مه‌به‌ستی چوونه ناو ته‌وه‌ره‌که‌وه و وڵامدانه‌وه به‌و پرسیارانه، پێویسته سه‌ره‌تا بزانین "هێز" چیه؟
"هێز" ئه‌و فاکته‌ره‌یه که کاریگه‌ریی ده‌خاته سه‌ر بیر و هه‌ڵوێستی لایه‌نی به‌رامبه‌ر و لایه‌نه پێوه‌ندیداره‌کانی دیکه به قازانجی لایه‌نی خاوه‌نهێز.
"هێز" ئه‌و فاکته‌ره‌یه که ده‌بێته هۆی پێکهێنانی ئاڵووگۆڕ له بیر و ڕه‌فتار و هه‌ڵویستی تاک و گرووپ به‌رامبه‌ر به خاوه‌نهێز، به‌گشتی ده‌بێته هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی ناوبانگی خاوه‌نهێز له بیروڕای گشتی دا.
"هێز" یانی قابلییه‌ت و توانایی پاشه‌کشه‌کردن به نه‌یار و سه‌لماندنی ویست و ئامانج و به‌رژه‌وه‌ندیی خاوه‌نهێز به‌سه‌ر لایه‌نی به‌رامبه‌ردا.
"هێز" ترس ده‌خاته دڵی نه‌یار و خهنیمهوه و کاریگه‌ریی به‌رگێڕه‌وه‌ی (بازدارندگی) له‌سه‌ر پلان و مه‌به‌ستی نه‌یاران هه‌یه.
که‌وایه، هه‌موو له‌سه‌ر ئه‌و قسه‌یه یه‌کده‌نگن که "هێز" ده‌بێ هه‌بێ و بۆ خه‌باتی ڕزگاریخوازی کورد پێویستێكی حه‌تمی و حه‌یاتییه. هێز له ململانه و هاوکێشه‌کاندا ده‌وری یه‌کلاکه‌ره‌وه ده‌گێڕێ و... به‌ڵام "هێز" چۆن ساز ده‌بێ و "به‌هێزبوون" چیه؟
له مێژووی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی ڕزگاریخوازی کورد دا، سه‌ره‌کی ترین و گرینگ ترین هێما و نیشانه‌ی هێز و ده‌سه‌لات، هێزی نیزامی و پاره بووه و هه‌یه.
دیاره شاعیر و ڕووناکبیر و نووسه‌رانی کورد به درێژه‌ی ته‌مه‌نی خه‌بات، له‌ده‌ست دووبه‌ره‌کی و پڕشووبڵاوی نێو جووڵانه‌وه‌کان زاڵه‌یان هاتووه و زۆریان هاوار بۆ یه‌کێتی و یه‌کڕیزیی به مه‌به‌ستی به‌هێزکردنی خه‌بات کردوه، به‌ڵام ئه‌و پرسه به‌لای حیزبه‌کانه‌وه هه‌تا ئێستاش له قسه و دروشم ده‌رنه‌چووه! ئه‌گه‌ر بووبێش، به‌ده‌گمه‌ن و کاتی بووه!
جێگای سرنجه، سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو ناکامی و ئه‌زموونه تاڵانه، هێشتا ئه‌و ڕاستیه له‌نێو حیزبه کوردستانیه‌کان دا دروست نه‌بووه و نه‌بۆته باوه‌ڕه که یه‌کێتی و هاوپێوه‌ندیی و خه‌باتی هاوبه‌ش، هێزی سه‌ره‌کی و یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌ییه.
له جووڵانه‌وه‌کانی کورد دا، خوێندنه‌وه و تێڕوانین له "هێز" و "به‌هێزبوون"، زۆر جاران تێکه‌ڵاوێکه له خوێندنه‌وه و تێڕوانینی میلیتاریستی- عه‌شیره‌تی له "هێز"! پهرهسهندویی ئه‌و دیارده‌یه ڕیشه‌ی به‌تایبه‌تی له دوو عامل دایه:
١. زاڵبوونی دیکتاتوریی به‌سه‌ر وڵاتانی دابه‌شکه‌ری کوردستان دا. سیاسه‌تی سه‌رکوت و جینایه‌تی به‌رده‌وام و سیستماتیکی ڕێژیمه‌کان دژبه کورد و پرسی کورد بۆته هۆی ئه‌وه که تاکی کورد هه‌م بۆ دیفاع له ماف و مان و مه‌وجوودییه‌تی خۆی و هه‌م بۆ تۆڵه‌ئه‌ستاندنه‌وه و ڕزگاربوون له زۆڵم و زۆر، بیری زیاتر بۆلای ئامراز و چه‌کێک بچێ که دیاره و هه‌ستی پێده‌کا و پێی سه‌رکوت ده‌کرێ، واته هێزی نیزامی.
ڕێژیمهکانیش له‌لایه‌که‌وه زۆر زیره‌کانه په‌ره ده‌ده‌ن به‌و ڕووحییه و تێڕوانینه میلیتاریستی- عه‌شیره‌تییه له "هێز" و "به‌هێزبوون" له‌نێو کورددا و به‌وجۆره جووڵانه‌وه‌ی کورد به‌ره‌و مه‌یدانێک ڕاده‌کێشن که خۆیان تێیدا باڵاده‌ستن: مه‌یدانی شه‌ڕی نیزامیی ڕاسته‌وخۆ.
له لایه‌کی دیکه‌وه، هه‌وڵ ده‌ده‌ن هه‌تا بکرێ جووڵانه‌وه‌ی کورد له‌و بیاڤ و مه‌یدانانه دوورخه‌نه‌وه که به‌زیانی خۆیان و به قازانجی جووڵانه‌وه‌ی کورده: یه‌کێتی و خه‌باتی سیاسیی هاوبه‌ش له په‌نای چالاکیی نیزامی، خه‌باتی جه‌ماوه‌ری، په‌ره‌سه‌ندنی دێموکراسی و کولتووری دێموکراتیک و ... چون یه‌کگرتوویی و دێموکراسی دوو چه‌کی ههرهکاریگهر دژی دیکتاتورین.
٢. باروودۆخی جوغرافیایی- سیاسیی کوردستان و دۆخی ناسه‌قامگیر و ئاڵۆز و بوونی شهروکیشهی به‌رده‌وام له ناوچه‌دا، به‌گشتی ڕووحییه‌ی میلیتاریستیی به‌هێزتر کردوه و بۆته کۆسپ بۆ گه‌شه‌سه‌ندنی کولتووری سیاسیی دێموکراتیک.
به‌کورتی، خوێندنه‌وه‌ی میلیتاریستی- عه‌شیره‌تی له "هێز" سروشته‌ن تێگه‌یشتنێکی موتڵهگهرا و پاوانخوازانه‌یه و ده‌بێته هۆی:
• کاڵبوونه‌وه‌ی گرینگی و پێداویستیی یه‌کێتی و یه‌کڕیزی و هاوکاریی لایه‌نه‌کانی به‌شدار له خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی دا.
• کاڵبوونه‌وه‌ی ڕۆڵی سیاسه‌ت و خه‌باتی مه‌ده‌نی و دیپلوماسی له جووڵانه‌وه‌دا.
• کاڵبوونه‌وه‌ی ده‌وری یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ی دێموکراسی و کولتووری سیاسیی دێموکراتیک، له خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی دا.
• کاڵبوونه‌وه‌ی زه‌رووره‌تی لێک‌گرێدانی خه‌باتی خه‌ڵک (شار له ڕیزی پێشه‌وه) و هێزی نیزامی کورد. ئه‌وه‌ی له خه‌باتی نوێی حیزبی دێموکرات دا به "خه‌باتی شار و شاخ" ده‌ناسرێ.
کاتێک له مه‌سه‌له‌که ورد ده‌بینینه‌وه، ده‌رده‌که‌وێ که بوونی ئه‌و چوار فاکته‌ره، حه‌یاتی و پێشمه‌رجن بۆ گه‌شه‌سه‌ندن و سه‌رکه‌وتنی خه‌باتی ڕزگاریخوازی نه‌ته‌وه‌ی ژێرسته‌م و نه‌بوونیان، ڕێگه‌ی که‌ڵکوه‌رگرتن له پوتانسیه‌له‌کانی جووڵانه‌وه و سه‌ره‌نجام سه‌رکه‌وتنی خه‌بات به‌ربه‌ست ده‌کا.
تێگه‌یشتنی میلیتاریستی- عه‌شیره‌تی له "هێز" ئاکامی کاره‌ساتباری بۆ جووڵانه‌وه‌کانی کورد هه‌بوه. زاڵبوونی ئه‌و جۆره تێگه‌یشتنه له "به‌هێزبوون"، جێگه و ده‌ره‌تانێک بۆ مناسباتی سالم و ڕێککه‌وتن و یه‌کێتی و خه‌باتی هاوبه‌ش ناهێڵێته‌وه.
گۆڕانی هێما و نماده‌کانی هێز و ده‌سه‌ڵات
له‌گه‌ڵ گۆڕانی کۆمه‌ڵگا و به‌هاکان، گۆڕان به‌سه‌ر هێما و خوێندنه‌وه‌ی "هێز" و ده‌سه‌ڵات دا هاتووه. ئه‌و گۆڕانه له جووڵانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی ڕزگاریخوازی کوردیش دا به‌ته‌واوی ئاشکرایه.
دیاره هێزی نیزامی، به‌تایبه‌تی به‌له‌به‌رچاوگرتنی دۆخی کورد له ناوچه دا، کاریگه‌ریی تایبه‌تی هه‌یه و دیارترین نیشانه‌ی به‌هێزبوونه و پێویسته به‌رده‌وام هه‌وڵ بدرێ بۆ ڕێکخستن و ڕاهێنان و مودێڕنیزهکردنی، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر سیاسه‌ت و هه‌لوومه‌رج بهکارنههێنانیشی بخوازێ. به‌ڵام هێزی چه‌کدار تاقه نمادی ده‌سه‌ڵات و "هێز" نیه. مێژووی خه‌باتی ڕزگاریخوازی کورد و نه‌ته‌وه‌کانی دیکه به‌ڕوونی ده‌رده‌خا که هێزی نیزامی بۆ ده‌ستپێکردنی خه‌بات و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی دیکتاتوری و چه‌وسانه‌وه مه‌رجی لازمه، به‌ڵام بۆ سه‌رخستنی جووڵانه‌وه مه‌رجی کافی نیه.
ئه‌زموونی ڕووداو و ئاڵووگۆڕه‌کانی باکوور و باشوور و ڕۆژاوای کوردستان، به‌تایبه‌تی له دوو سێ ساڵی ڕابردوو دا، بێ ئه‌ملا و ئه‌ولا ده‌یسه‌لمێنێ که هێزی نیزامی ته‌نیا به پشتیوانیی هێزی سیاسیی یه‌کگرتوو و کۆده‌نگیی سیاسی ده‌توانێ له درێژماوه‌دا کاریگه‌ریی له‌سه‌ر ڕه‌وتی ڕووداوه‌کان هه‌بێ، کورد بخاته نێو هاوکێشه سیاسییه‌کانه‌وه، خه‌بات به‌ره‌وپێش به‌رێ و ده‌سکه‌وتی سیاسی دابین بکا. ده‌نا، دهروهک ده‌بینین، ته‌نیا وه‌ک هیزیكی شه‌ڕکه‌ر چاوی لێده‌کرێ و ته‌عامولی له‌گه‌ڵ ده‌کرێ.
ده‌رس و ئه‌زموونێکی به‌نرخ له‌و پێوه‌ندییه‌دا: خه‌باتی کورد له هیچ بڕگه‌یه‌کی مێژوویی‌دا، له باری نیزامییه‌وه ئه‌وه‌نده‌ی ئێستای هه‌رێمی باشوور به‌هێز نه‌بووه، له باری که‌می و کهیفییهوه! هیچکات وڵاتانی ڕۆژاوا وه‌ک ئه‌وڕۆ پشتگیریی نیزامیی کوردیان نه‌کردوه و ئاماده نه‌بوون پێشمه‌رگه و شه‌ڕوانی کورد به‌شێوه‌ی مودێڕن ڕابهێنن. به‌ڵام دیتمان که سه‌ره‌ڕای چه‌ک و چۆڵی زۆر و زه‌وه‌ند و مودێڕن و پتر له ١٠٠٠٠٠ پێشمه‌رگه‌ی ڕاهاتوو و به‌جه‌رگ، له ١٦ی ئوکتوبری ٢٠١٧ دا دووبه‌ره‌کی و نه‌ته‌بایی ناوخۆ، کورد به‌رامبه‌ر به هێرشی سوپای عێڕاق ناچار به پاشه‌کشه بوو و ده‌سکه‌وته سیاسییه‌کانی که‌وتنه مه‌ترسییه‌وه. له ڕۆژاوای کوردستانیش، کورد هه‌ر به‌وهۆیه‌وه تووشی وه‌ها چاره‌نووسێک هات.
له‌و باروودۆخه نه‌تیجه ده‌گرین که که‌م و زۆری هێزی نیزامی هۆکاری سه‌ره‌کی تێشکان و پاشه‌کشه‌کان نیه، هۆکاری سه‌ره‌کی له بیاڤی سیاسی دایه. کاریگه‌ریی هێزی نیزامی گرێدراوه به یهکدهنی و یه‌کگرتوویی سیاسی، و ته‌بایی و کۆده‌نگیی سیاسیش گرێدراوه به پابه‌ندبوونی حیزبه‌کان، به‌تایبه‌تی چه‌کداره‌کانیان، به ئوسووڵ و پێوه‌ره‌کانی دێموکراسی.
دوای ئه‌و هه‌موو ئه‌زموونه تاڵانه، هه‌ر حیزب و لایه‌نێکی کوردستانی ئه‌و ڕاستییه نه‌سه‌لمێنێ و پێداچوونه‌وه‌ی لێبڕاوانه به‌سه‌ر تێگه‌یشتن و تێڕوانینی خۆی له "هێز" و "به‌هێزبوون" نه‌کا وخۆی له‌گه‌ڵ وه‌زعی گۆڕاو نه‌گونجێنێ، له لێکدانه‌وه‌ی خۆیدا تووشی نه‌تیجه‌گیریی هه‌ڵه و زیانی قه‌ره‌بوونه‌کراوه ده‌بێ.
پێوه‌ندیی ڕاسته‌وخۆی نێوان "هێزی نیزامی" و "ڕه‌وایی و ئیعتباری سیاسی"
ڕه‌وایی و ئیعتبار "ذاتی" نین، "اکتسابی"ن. واته، ده‌بێ بۆ وه‌ده‌ستهێنان و دابینکردنیان هه‌وڵ بدرێ.
خه‌باتی کورد خه‌باتێکه دژی زوڵم و زۆرداری و چه‌وسانه‌وه، خه‌باتێکی ئینسانیه بۆ ئازادی و ڕزگاریی له ژێرده‌ستی و هه‌ڵاواردن و بێعه‌داڵه‌تی. ده‌بینین که ئه‌و خه‌باته له ئه‌نگیزه و ئامانج دا چووکترین گومان له ڕه‌وایی و ئیعتباری دا نیه.
به‌ڵام حاشای لێناکرێ که دووبه‌ره‌کیی نه‌بڕاوه و شه‌ڕی نێوخۆ و نه‌بوونی یه‌کیتی ویه‌کگرتوویی و ناڕوونی له ئامانج و ستراتێژیی دا، زه‌بری گرانی له ڕه‌وایی و ئیعتباری جووڵانه‌وه‌کانی کورد داوه، له هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان دا.
ده‌بینین که سیاسه‌ت و کاروکرده‌وه‌ی ئه‌و ئه‌کته‌رانه‌ی خه‌باته‌که به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن، کاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆیان له‌سه‌ر ڕه‌وایی و ئیعتباری جووڵانه‌وه‌که هه‌یه.
که‌وایه به‌و ئاکامه ده‌گه‌ین که یه‌که‌م، ڕه‌وایی و ئیعتباری هیچ ڕێکخراوێکی خه‌باتگێڕ یان جوولانه‌وه‌یه‌کی ڕزگاریخواز یان حکوومه‌تێک له‌جێدا و بێواسیته، ته‌نیا به پشتبه‌ستن به دروشم و ئامانج و ئه‌نگیزه و ئیدیعا، ناپارێزێ. به‌ڕێوه‌به‌رانی ده‌بێ له مه‌یدانی کرهدوهدا بسه‌لمێنن که پابه‌ندن به دروشم و ئامانجه‌کانی خه‌باته‌که و دووهه‌م، که ته‌بایی و یه‌کگرتووی سیاسی و خه‌باتی هاوبه‌ش و دابینکردنی پێوه‌ندی و مناسباتی دێموکراتیک له نێوخۆی جووڵانه‌وه‌دا، پێشمه‌رجن بۆ سه‌لماندنی دابینکردنی ڕه‌وایی و ئیعتباری سیاسیی له بیروڕای گشتی و له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌یی دا.
"ریچارد هاس" گهورهدیپلوماتی ئه‌مریکایی و نووسه‌ری چه‌ندین کتێب له‌سه‌ر سیاسه‌ت و دیپلوماسی و مودیرییه‌ت، جوانی وتووه که "سیاسه‌ت به‌رامبه‌ر به ده‌ره‌وه، له ژوورهوهڕا ده‌ست پێده‌کا"!
بزووتنه‌وه‌کانی کورد و نه‌ته‌وه‌کانی دیکه ئه‌و راستیه ده‌سه‌لمێنن. هه‌ڵوێست و کرده‌وه ده‌بێ له‌گه‌ڵ دروشم و ئیدیعا و به‌رنامه بگونجێن و یه‌کبگرنه‌وه.
ئه‌وڕۆ به زۆر هۆ، هیچ شتێک و هیچ ڕووداوێک له چاوی وڵاتان و کۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌یی شاراوه نیه و ناشاردرێته‌وه. به‌تایبه‌تی له ناوچه‌که‌ی ئێمه‌دا که بۆته مه‌یدانی شه‌ڕ و کێشه‌ی زۆر و ده‌یان ڕێکخراوی چه‌کداریی به ئه‌نگیزه‌ی جیاوازه‌وه سه‌ریانهه‌ڵداوه، سیاسه‌ت و کاروکرده‌وه‌ی لایه‌نه سیاسییه‌کان له‌ژێر زهڕڕهبین دان. هه‌ڵوێست و مه‌وقعییه‌ت و هه‌نگاوه‌کانیان له ژێر چاوه‌دێریی دان. هێزه خه‌باتگێڕه‌کان ده‌بێ زۆر وشیار بن!
به‌کورتی: بێجگه‌له هێزی نیزامی، ئه‌و فاکته‌رانه‌ی ئه‌وڕۆ به "هێز" و نفووز ده‌ژمێردرێن، له نێوخۆ و له ئاستی ناوچه‌یی و نێونه‌ته‌وه‌یی دا ڕه‌وایی و ئیعتباری سیاسی به ئه‌کته‌ری سیاسی و جووڵانه‌وه ده‌به‌خشن و کاریگه‌رییان له‌سه‌ر بیروڕای گشتی هه‌یه، به‌کورتی بریتین له:
• به‌رنامه و ئامانجی ڕوون و سه‌قامگیریی سیاسی.
• خه‌باتی هاوبه‌ش و یه‌کگرتووی لایه‌نه سیاسیه‌کان و یه‌کهه‌ڵوێستیان له پرسه گرینگه‌کانی جووڵانه‌وه دا. ئه‌زموون ده‌یسه‌لمێنێ که ته‌بایی و یه‌کڕیزیی کاریگه‌رترین هێز و چه‌کی جووڵانه‌وه دژی چه‌وسێنه‌ره و دووبه‌ره‌کی وشه‌ڕی نێوخۆ، کوژه‌رترین چه‌کی دوژمن دژی کورد بووه و هه‌یه. یه‌کگرتوویی حیزبه سیاسییه‌کان، پڕستیژ ده‌دا به جووڵانه‌وه و بۆ یار و نه‌یار، کاریگه‌ریی به‌رگێڕه‌وه‌ی هه‌یه.
• ده‌روه‌ست و پابه‌ندبوون به پێوه‌ره‌کانی دێمۆکراسی و بوونی مناسباتی سیاسیی دێموکراتیک که وڵامده‌ره‌وه‌ی خه‌باتی "نه‌ته‌وه‌یی- دێموکراتیک" بێ و ببێته هه‌وێنی ته‌بایی و خه‌باتی هاوبه‌ش.
ته‌نیا پابه‌ندبوون به ئوسووڵ و پێوه‌ره‌کانی دێموکراسی ده‌توانێ ماف و ڕێککه‌وتن و یه‌کێتی لایه‌نه‌کان دابین بکا و به‌رده‌وامبوونی هاوخه‌باتی و یه‌کگرتوویی بپارێزێ و ده‌سته‌به‌ری بکا.
• نهادینه‌کردنی جووڵانه‌وه له‌پێناو ڕه‌واییدانی زیاتر به خه‌بات له بیروڕای گشتی دا.
جووڵانه‌وه له هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستان دا هه‌تا ئێستاش جووڵانه‌وه‌ی حیزبه‌کانه و نه‌یتوانیوه گه‌شه‌ی پێویست بکا و ببێ به جووڵانه‌وه‌ی کورد له هه‌ریه‌ک له پارچه‌کان دا. بزووتنه‌وه ته‌نیا له ڕێگای نهادینهبوونهوه ده‌توانێ له قۆناخی "جووڵانه‌وه‌ی حیزبه‌کان" ڕزگار بێ و پێ بنێته قۆناخی "جووڵانه‌وه‌ی کورد" له به‌شه‌کانی کوردستان دا.
ته‌نیا ئهوکاتهشه که جووڵانه‌وه به تاقهحیزبێکهوه نابه‌سترێته‌وه و له ئه‌گه‌ری گۆڕینی سیاسه‌ت و پاشه‌کشه‌ی حیزبێک، وه‌ک ڕابردوو جووڵانه‌وه‌که‌ش هه‌ره‌س ناهێنێ و به‌رده‌وامیی خه‌بات ده‌سته‌به‌ر ده‌بێ. هه‌وه‌ها، به نهادینه‌کردنی جووڵانه‌وه‌یه که دامه‌زراندنی سوپایه‌کی نیشتمانیش ده‌بێته ئاواتێکی کرده‌یی.
بوونی ئه‌و فاکته‌رانه‌ی سه‌ره‌وه واته ده‌رکه‌وتن له بیروڕای گشتی دا به هێزی یه‌کگرتوو و زمانی هاوبه‌شه‌وه، پابه‌ندبوون به پێوه‌ره‌کانی دێموکراسی و نهادینه‌کردنی جووڵانه‌وه، ڕه‌وایی و پڕستیژ و ئیعتبار ده‌دا به جووڵانه‌وه‌ی ڕزگاریخواز.
ئهوکاتهشه که بیروڕای گشتی و وڵاته بڕیاربه‌ده‌سته‌کان پرسی کورد و خه‌باتی کورد له هه‌رکام له به‌شه‌کانی کوردستان دا وه‌ک پرسێکی سیاسی و خه‌باتێکی سیاسیی سه‌ربه‌خۆ ده‌بینن و مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌که‌ن.
لێره‌دا پێویسته ئاماژه‌یه‌کی کورت به ده‌وری دێموکراسی بکرێ: که‌س ناتوانێ چاوه‌ڕوان بێ که له خه‌باتی پڕ له که‌ندوکۆسپی کورد به‌دژی دیکتاتوری و چه‌وسانه‌وه له‌و ناوچه ئاڵۆز و ناسه‌قامگیره‌دا، دێموکراسیی شێوهئورووپایی دابین ببێ و به‌ڕێوه‌بچێ. به‌ڵام هیچ گومان له‌وه‌دا نیه که به‌بێ بڕواهێنان و پابه‌ندبوون به پێوه‌ره سه‌ره‌تاییه‌کانی دێموکراسی، یه‌کگرتن و خه‌باتی هاوبه‌ش مومکین نابێ و به‌بێ یه‌کێتی و خه‌باتی یه‌کگرتووش، جووڵانه‌وه نهادینه ناکرێ و گه‌شه‌ی پێویست ناستێنێ.
هه‌روه‌ها، بۆ دواییهێنان به کێشه نه‌بڕاوه‌کان و لێکدابڕانه ناسیاسیه‌کان و بۆ ڕزگاربوون له شه‌ڕه کاولکه‌ره نێوخۆییه‌کان و کۆتاییهێنان به زۆر دیارده‌ی ناشیاو و زیانبار که ده‌بنه هۆی لاوازبوونی جووڵانه‌وه و هه‌روه‌ها بۆ مودیرییه‌تی جیاوازیه‌کانی نێو جوولانه‌وه و ڕێکخستنی پێوه‌ندی و مناسباتی نێوان لایه‌نه سیاسیه‌کان، ئالترناتیڤێک بۆ دێموکراسی نیه.
• دابینکردنی به‌شداریی و پشتیوانی و به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک که ئه‌ویش له‌ڕێگای به‌رده‌وامبوونی خه‌باتی یه‌کگرتوو، خه‌باتی مه‌ده‌نی و ته‌شکیلاتییه‌وه ده‌سته‌به‌ر ده‌بێ. پێویسته پیوه‌ندیی ئورگانیک له‌نێوان خه‌باتی کۆمه‌ڵگا و هێزی پێشمه‌رگه‌وه بهرقهراربکرێ.
• دیپلوماسی چالاک و لابی به‌هێز.
• ڕاگه‌یاندنێکی سه‌رده‌میانه.
• ته‌شکیلاتی ڕاهاتووی به‌هیز و کارامه و چالاک.
• ڕێکخستنێکی به‌هێز و به‌کاری ژنان و بوونی پلانێکی سه‌رده‌میانه بۆ چاره‌سه‌رکردنی پرس ژن.
• پشتیوانیی هیزی فکری کۆمه‌ڵگا: ڕووناکبیران، مامۆستایانی زانکو، نووسه‌ران، هونه‌رمه‌ندان، خوێنکاران، ڕێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی، چالاکانی بواره‌کانی مافی مرۆڤ...
پشتگیریی ئه‌و توێژانه بێجگه‌له‌وه‌ی له باری سیاسی و هزرییه‌وه حیزبی خه‌باتگێڕ ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌که‌ن، به‌ڵکوو ئه‌وانه ئاڵقه‌ی پێوه‌ندیی نێوان حیزبی سیاسی (ده‌سه‌ڵات) و کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکن و پشتیوانیان، ڕه‌وایی و "مقبولیت"ی زیاتر ده‌دا به سیاسه‌ت و هه‌ڵویستی حیزبی سیاسی یان ته‌نانه‌ت حکوومه‌ت. قسه‌ی ئه‌وان له کۆمه‌ڵگادا باشتر وه‌رده‌گیرێ هه‌تا پڕوپاگه‌نده‌ی حیزبایه‌تی.
• ڕێکخستن و وه‌گه‌ڕخستنی دیاسپۆڕای کورد له ده‌ره‌وه‌ی وڵات.
• ئه‌ندامه‌تی و چالاک‌بوون له ڕێکخراو و دامه‌زراوه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان دا.
• ئیتلاف و هاوکاریی و هاوپێوه‌ندی له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه بنده‌سته‌کانی دیکه‌ی ئێران.
• ئیتلاف و هاوکاریی و هاوپێوه‌ندی له‌گه‌ڵ هێزه‌کانی ئوپوزسیونی فارس (بۆ جووڵانه‌وه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان).
هه‌موو ئه‌وانه که کاریگه‌رییان له‌سه‌ر بیروڕای گشتیی له نێوخۆ و له ده‌ره‌وه هه‌یه، نماد و نیشانه و سه‌رچاوه و به‌رهه‌مهێنه‌ری هێز و نفووز و ده‌سه‌ڵاتن. هه‌ر حیزب یان جووڵانه‌وه‌یه‌ک خاوه‌نی ئه‌وانه بێ، خاوه‌ن هێز و نفووز و ده‌سه‌لاته.
به‌خۆشیه‌وه، له ساڵی ١٣٩٤ی هه‌تاوییه‌وه و به راگه‌یاندنی "خه‌باتی شار و شاخ"، ئه‌و بڕوا وتێگه‌یشتنه له حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دا که نابێ "به‌هێزبوون" ته‌نیا له هێزی نیزامی دا به‌رته‌سک بکرێته‌وه، له په‌ره‌سه‌ندن دایه.
ستراتێژیست و فه‌رمانده به‌ناوبانگه‌کانی مێژووی شه‌ڕ له جیهان دا له‌وباره‌یه‌وه یه‌کڕا و یه‌کده‌نگن که "شه‌ڕ" زانسته و ئه‌بعادی جۆراوجۆری هه‌یه. به‌ره‌نگاربوونه‌وه و پێکدادانی نیزامی له مه‌یدان دا، بوعدێکی "شه‌ڕ"ه. بوعده‌کانی دیکه‌ی "شه‌ڕ" بریتین له سیاسی، دیپلوماسی، ئابووری، کولتووری و ڕووحی- ڕه‌وانی. به‌تایبه‌تی له شه‌ڕی "نامتقارن"دا، سرنج و گرینگی‌دان به هه‌موو ئه‌بعادی شه‌ڕ، یه‌کلاکه‌ره‌وه‌یه.
شه‌ڕی کۆماری ئیسلامی دژ به کورد، شه‌ڕێکی هه‌مه‌لایه‌نه‌یه و له‌هه‌موو ئه‌بعادی خۆیدا به‌ڕێوه‌ده‌چێ. جووڵانه‌وه‌ی کوردیش هه‌ر ده‌بێ به شه‌ڕی هه‌مه‌لایه‌نه به‌ره‌نگاری سیاسه‌ت و پیلانه‌کانی ڕێژیم بێته‌وه.
وه‌ک پێشتر ئاماژه‌ی پێکرا، ڕێگای گه‌یشتن به‌و ئامانجه‌ش، دێموکراتیزه‌کردنی پێوه‌ندی و مناسباتی نێوخۆی جووڵانه‌وه له‌پێناو دابینکردنی به‌شداریی چالاکانه‌ی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک، یه‌کڕیزی و هاوخه‌باتی لایه‌نه‌کانی به‌شدارله بزووتنه‌وه، به‌هێزترکردن و ده‌سته‌به‌رکردنی کۆده‌نگی و ئیراده‌ی یه‌کگرتووی مقاومه‌ت به‌دژی ڕێژیمی سه‌ره‌ڕۆیه.
ئاسۆی سه‌رکه‌وتن ڕوونه، به‌مه‌رجێک ئامراز و ڕێکار و ستراتێژیی گه‌یشتن به ئامانج دروست و واقعبینانه دیاری بکرێن.