هەژاری بەردەوام لە ئێراندا پەرە دەستێنێت و بەپێی نوێترین ئامارەکانی ڕێژیم هێڵی هەژاری بۆ بنەماڵەیەکی ٤ کەسی ٩ ملیۆن تمەنە و مووچەی کرێکاران کەمتر لە ئاستی هێڵی هەژارییە.
لە نوێترین ئامارەکانی ڕێژیمدا ڕاگەیەندراوە کە هێڵی هەژاری بۆ هەر بنەماڵەیەکی ٤ کەسی لە ئێراندا ٩ ملیۆن تمەنە و ئەمە لەحاڵێکدایە زۆرینەی کرێکاران لە ئێراندا مووچەیەکی زۆر کەمتر لە ئاستی هێڵی هەژاری وەردەگرن و تەنانەت توانای کڕینی مادە سەرەکییە خۆراکییەکانیان نییە.
"مەحموود جامساز" مامۆستایەکی ئابووریی ڕایگەیاندووە: "ئێمە پێویستیمان بە گۆڕانکارییەکی قورس هەیە دەنا دۆخمان هەر ئاوایە".
ناوبراو هەروەها وتوویەتی: "پەسەندکراوەکان و یاساکانی مەجلیسی ڕێژیم پۆپۆلیستین".
ئەو مامۆستا ئابوورییە هەروەها وتوویەتی: "ئەمڕۆکە خەڵک بەهۆی هەژاریی بەردەوام لەژێر گوشارێکی زۆردان، چینی ناوەڕاستی کۆمەڵگا خەریکن دادەبەزن و نزیک دەبنەوە بۆ چینی لاوازی کۆمەڵگا، جیاوازیی چینایەتی لە وڵاتدا زیاتر بووەتەوە، نیگەرانییەکانی خەڵک بەنیسبەت دۆخی ئابووریی وڵات زۆرتر بووە و لەم نێوانەدا مەجلیس دەیهەوێت لەڕێگای پێدانی یارانەوە ئەو دۆخە نەرمتر کاتەوە، بەڵام هەر شێوازی پێدانی یارانەکانیش کێشەی زۆری تێدایە".
ئەو کارناسە ئابوورییە بە ئاماژەدان بەوەی کە ڕێژیمی ئێران لە ٤ وڵاتی پڕ هەڵاوسانی جیهانە ڕایگەیاندووە کە نرخی بێکاری لە ئێراندا سەرەڕای ئامارە نێوخۆییەکان دەگوترێت ١١ لەسەدە، لەلایەکی دیکەوە ناوەندی لێکۆڵینەوەی مەجلیس زیاتر لە ١٥ لەسەدی پێشبینی کردووە و لەلایەکی دیکەشەوە لێکۆڵەرانی سەربەخۆ سەرووی ٢٥ لەسەدیان بەراورد کردووە.