کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێڵی هەژاری لە ئێراندا ٨ هەتا ١٠ میلیۆن تمەنە

17:35 - 21 خەزەڵوەر 2720

''موسەوی لارگانی'' ئەندامی کۆمیسیۆنی ئابووریی مەجلیسی ڕێژیم لە وتووێژێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی "بازاڕ"  وتوویەتی، بەرزترین ئاستی دیاریکراوی بۆ یارانەی خۆراکی یەک بنەماڵەی ٥ کەسی کە کەمترین داهاتیان هەیە ٦٠٠ هەزار تمەن ڕاگەیاندووە.

ناوبراو وتوویەتی نرخی هەندێک لە کاڵاکان لە ٧ مانگدا هەتا ٣٠٠ لەسەد گرانتر بووە و ئەمە بووەتە هۆی ئەوەیکە هێڵی هەژاری بگاتە ٨ تا ١٠ میلیۆن تمەن.

ئەو کاربەدەستەی ڕێژیم لەبابەت هۆکارەکانی پێکهێنانی ئەم دۆخە وتوویەتی، تەنیا ٣٠ لەسەدی کێشەکان بۆ گەمارۆکان دەگەڕێتەوە و ٧٠ لەسەدی بۆ نەبوونی کارامەیی و بەڕێوەبەریی گەڕاندووتەوە.

ئەو ئەندامەی کۆمیسیۆنی ئابووریی مەجلیسی ڕێژیم وتوویەتی: '' کۆمەڵگای ئێران بەرەو دوو جەمسەری دەروات، خەڵک یان لە دەهەکانی داهاتی زۆر جێگایان گرتووە یان دەهەکەکانی کەمداهات، چینی مامناوەند لە وڵاتدا بوونی نییە و ئەمە مەترسییەکی گەورەیە بۆ ئێران''.

کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران  لە حاڵێکدا کە خۆیان پێکهێنەری ئەم دۆخەن بە شێوازێک قسە دەکەن کە دەیانهەوێت خۆیان لەبەرامبەر خەڵکدا بیبەری نیشان بدەن.

 ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هەتا ئێستا، سیاسەتی برسیکردن و هەژارکردنی خەڵکیان گرتووە پێش و بەتاڵانبردن و ڕووتاندنەوەی خەڵکی هەژاری ئێران، ژیانی خەڵکیان بەرەو چارەڕەشی بردووە.