کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێڵی هەژاری لە ئێران لە ساڵی ٩٩ نزیکەی ٣٨ لەسەد بەرز بووەتەوە

11:40 - 1 خەرمانان 2721

وەزارەتی تەعاون، کار و خۆشبژیوی و کۆمەڵایەتیی ڕێژیمی ئێران لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە کە هێڵی هەژاری لە ئێراندا لە ساڵی ١٣٩٩ی هەتاوی بەنیسبەت ساڵی پێشوو ٣٨ لەسەد زیادی کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی وەزارەتی تەعاوەن کە لە ڕۆژنامەی ''دونیای ئیقتساد''دا بڵاو بووەتەوە، هێڵی هەژاری لە ساڵی ٩٩ بەرابەری یەک ملیۆن و ٢٥٤ هەزار تەمەن بووە کە بەنیسبەت ساڵی پێشوو ٣٨ لەسەد زیادی کردووە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، هێڵی هەژاری لە ساڵی ٩٩ بۆ بنەماڵەیەکی سێ کەسی ٢ ملیۆن و ٧٥٨ هەزار تمەن و بۆ بنەماڵەیەکی ٤ کەسی ٣ ملیۆن و ٣٨٥ هەزار تمەن بەراورد کراوە.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە، هەڵاوسانی ڕوو بە گەشە لە بەشی خورادەمەنی و بەرزبوونەوەی نرخی خانوو یەکێک لە هۆکارەکانی سەرەکیی چوونەسەری هێڵی هەژاری لە ئێران بووە.

بەپێی پێشبینی سەندوقی نێونەتەوەیی دراو، خەڵکی ئێران لە ٥ ساڵی داهاتوو بەنیسبەت زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکە کە سەرچاوە و حەشیمەتێکی کەمتریان لە ئێراندا هەیە، هەژارتر دەبن.