کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێڵی هەژاری لە ئێران گەیشتووە بە ٢٨ لەسەد

12:05 - 21 رێبەندان 2721

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "دیدەبانـ"ـی سەر بە ڕێژیمی ئێران، هێڵی هەژاریی خەڵکی ئێران لە ساڵی ٩٠،  ١٨ لەسەد بووە و هەتا ساڵی ٩٩ گەیشتووە بە ٢٨ لەسەد.

ئەو ژمارەیە لە حاڵێکدایە کە ١٠ ساڵ پێش، ١٨ لەسەدی ئێرانییەکان لەژێر هێڵی هەژاریدا ژیاون و لە ئێستادا گەیشتووە بە ٢٨ لەسەد، بە شێوەیەک کە لە هەر ٤ کەس کەسێک لە هەژاریدا دەژی.

هەڵسەنگاندنەکانی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئابووریی ڕێژیمی ئێران دەرخەری ئەوەیە کە گەشەی سەرمایە لە ئەمساڵدا بۆ سێهەمین ساڵی بەردەوام نەرێنی بووە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە نێوەنجی درێژماوەی "گەشەی بەرهەمهێنان" نزیک بە سیفر بووە، هەروەها گەشەی ئابووریی ڕێژیم لەژێر کاریگەریی گەشەی سەرمایەگوزاریدایە.

لەو پەیوەندییەدا باڵی لێکۆڵینەوەی مەجلیسی ڕێژیم لە شیکاریی ئەو ڕاپۆرتەدا باسی لەوە کردووە: "بەردەوامبوونی ئەو ڕەوتە بووەتە هۆی ئەوەیکە بۆ پشتیوانی لە گەشەی ئابووریی بەهێز و دەسکەوتی خۆشبژێوی، نیگەرانیمان بۆ دروست ببێت".

بە لەبەرچاوگرتنی سیاسەتەکانی بودجە، پارە، بازرگانی و دراوی تەرجیحی و لە پەناشدا پێکهاتەیەک بۆ  باشتربوونی دۆخی ئابووری، پێکهێنانی دۆخێکی باش بۆ سەرمایەگوزاری و دابەزینی ڕێژی بێ متمانەیی بە ڕێژیمی ئێران، ئەو ڕاپۆرتە بۆ ئاڵوگۆر بەسەر دۆخی هەنووکەیی سەرمایەگۆزاری لە ئێران پێشنیاری کردووە کە پێش بە دابەزینی سەرمایەگوزاری بگیرێت.