کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەتا ئێستە کێشەی کامیوندارەکان چارەسەر نەکراوە

13:00 - 6 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: کامیوندارەکان بە دەست گرانی و نەبوونی کەلوپەلە پێویستییەکانەوە وەزاڵە هاتوون و بە هۆی گرانیی کاری گواستنەوەی بارەکانیان ڕاگرتووە.

کێشەی گرانی و نەبوونی لاستیک و تێچووی لەسەری ڕۆنی ماتۆڕ، پێداویستییە یەدەکەکانی کامیۆندارەکان هێشتا چارەسەر نەکراون.

ئەم دۆخە بووەتە هۆی ئەوەی کە زۆرێک لە کامیۆندارەکان واز لە کارەکانیان بهێنن و بێکارببن.

نەبوون و گرانی نرخی لاستیک بووە هۆی ئەوەی کە وەزارەتی پیشە، کانگا و بازرگانیی ڕێژیم هاوینی ساڵی ڕابردوو دەست بە دانی لاستیک بە نرخی دەوڵەتی بکات، بەڵام ئەم کارە ماوەیەکی کەم بەردەوام بوو و نەیتوانی وڵامی داواکاریی کامیۆندارەکان بێت.

لە ئێستادا ئەگەر کامیۆندارێک بیەوێت تەنیا ٥ لاستیک لە کۆی ١٨ لاستیک بگۆڕێت، ئەوا پێویستی بە بڕی ٣٠ هەتا ٤٠ میلیۆن تمەن دەبێت.

هەروەها حەوتووی ڕابردوو، "ئەحمەد کەریمی" بەرپرسی کانونی ئەنجومەنە مەدەنییەکانی کامیۆنداران باسی لە کەمبوونەوە و گرانبوونی ڕۆنی ماتۆڕی تایبەت بە کامیۆنەکانی لە سەرەتاکانی مانگی گوڵانی ئەمساڵ کردووە.

کێشەی کامیۆندارەکان و چارەسەر نەکردنیان لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە، تەنیا ئەم بەشەی تووشی کێشە نەکردووە، بەڵکوو پێشەکانی دیکەشی تووشی کێشە کردووە، کە لە ئێستادا زۆرێک لە وەڕزێران بە هۆی نەبوونی کامیۆن بۆ گواستنەوەی بەرهەمەکانیان، مەترسیی تێکچوونی بەرهەمەکانیان هەیە.