کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەدەپە داوای لێکۆڵینەوە لە کۆمەڵکوژیی دێرسم دەکات

13:11 - 14 بانەمەڕ 2721

فێدراسیۆنی کۆمەڵەکانی دێرسم و فێدراسیۆنی دێموکراسیی دێرسم لە ئورووپا بۆ یادکردنەوەی قوربانییانی ئەو کۆمەڵکوژییە لە سەرتاسەری جیهان داوای لە دامەزراوە دێموکراتخوازەکان، ئەندامانی کۆمەڵە و ڕیکخراوەکان و دۆستانی دێرسم کردووە ئەو ڕۆژە بەرز ڕاگرن.

ئەمساڵ ٨٤ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژیی دێرسم لە کوردستانی باکوور تێدەپەڕێت کە لە ساڵانی ١٩٣٧-١٩٣٨ لەلایەن تورکیه‌وە ئەنجام درا.

پارتی دێموکراتی گەلان لە یادی ٨٤ ساڵەی کۆمەڵکوژیی دێرسم داوای دامەزراندنی کۆمیسیۆنێکی لە پارلمانی تورکیه کرد بۆ لێکۆڵینەوە لەو کۆمەڵکوژییه. 

"عەلیجان ئۆنلوو" پارلمانتاری هەدەپە لە دێرسم ڕایگەیاندووە، داواکارییەکەی پێشکەشی سەرۆکایەتیی پارلمان کردووە و پێویستە کۆمیسیۆنێک بۆ لێکۆڵینەوە لە کۆمەڵکوژیی دێرسم پێک بهێنرێت.

"ئۆنلوو" ئاماژەی بەوە کردووە، پێویستە دەوڵەتی تورکیه کۆمەڵکوژیی دێرسم قبووڵ بکات و داوای لێبووردن لە خەڵکی دێرسم بکات. داوایەکی دیکەی ئەو پارلمانتارە ئاشکراکردنی شوێنی گۆڕی سەید ڕەزا و هاوڕێیەکانی، دەستنیشانکردنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و دۆزینەوەی کچە ونبووەکانی دێرسمە.

لەو کۆمەڵکوژییەکەدا نزیکەی ٧٠ هەزار کەس کوژراون و بە دەیان هەزار کەسیش ڕاگوێزراون، هەروەها داوا دەکات بەڵگەکانی ئەرشیڤ ئاشکرا بکرێن و ئەنجامدەرانی کۆمەڵکوژییەکە دادگایی بکرێن.