کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەر دوو حیزبی سەرەکی ئەمریکا لە سەر ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێژیمی ئێران هاوڕان

17:31 - 12 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: هەردوو حیزبی دێموکرات و کۆماریخۆازی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە سەر پاڵپشتیی ئیسراییل و ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێژیمی ئێران و ڕێکخراوەکانی لە ناوچەکە، هاوڕان.

بەپێی ڕاپۆرتی دەنگی ئەمریکا، دوو بەرپرسی باڵای حیزبی دێموکراتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایانگەیاندووە کە هەردوو حیزبی سەرەکی ئەم وڵاتە لە سەر پاڵپشتیی ویلایە یەکگرتووەکان لە وڵاتی ئیسراییل و پێویستیی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران و لقوڕێکخراوەکانی لە ناوچەکە، هیچ بیروبۆچوونێکی جیاوازیان نییە و لەمبارەیەوە هەردوو لایەن بە تەواوەتی هاوڕان.

نانسی پلۆسی، ڕیبەری کەمینەی دێموکراتەکان لە کۆنگرێسی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، پاڵپشتی کردن لە وڵاتی ئیسراییل بڕیاری هەر دوو حیزبی سەرەکییە لە کۆنگرێسدا، پشتیوانی کردنی ئیسراییل لە دڵی ئێمەدایە؛ وتیشی: "ئاسایش و ئەمنییەتی ئیسراییل لە پێویستییەکانمانە. لە چواچێوەی ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، پاڵپشتیی لە وڵاتی ئیسراییل شاراوە نییە. ئێمە دەبێت پەیوەندییەکانمان ڕابگرین".

هەروەها "چاک شوومێر"، ڕێبەری دێموکراتەکان لە سێنای ئەو وڵاتە ڕایگەیاند: پاڵپشتیی وڵاتی ئیسراییل لە سێنای ویلایەتە یەکگرتووەکان بڕیاری هەر دوو حیزبی سەرەکییە، بەتایبەت پشتیوانی و پەسەند کردنی ئەو پلانانەی کە دژ بە گرووپی "حەماس"ـن و هەروەها پەسەند کردنی ئەو پلانانەی کە لە سەر زیاد کردنی یارمەتییە سەربازییەکان بۆ وڵاتی ئیسراییل دەبێت.

چاک شوومێر، جەختی لە سەر پاڵپشتییەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسراییل کردەوە و ڕایشگەیاند: ئەمریکا و ئیسراییل بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریزم، ئاڵوگۆڕی زانیاریی و سەربازییان لە نێواندا هەیە کە بە تەواوەتی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە بەرچاو دەگرێت. ئیسراییل تەنانەت لە نەبوونی ئەمریکاشدا لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بەرگری دەکات.