کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٧٥ هەزار توندوتیژیی خێزانی لە ساڵی ١٤٠٠دا و لە پزیشکی یاسایی ئێران تۆمار کراوە

12:15 - 26 جۆزەردان 2722

ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی جۆزەردان، بەرپرسێکی ڕێکخراوی پزیشکی یاسایی باسی لە بەرزبوونەوەی ئاماری توندوتیژییەکان لە ئێران کردووە و وتوویەتی کە ئاماری تۆمارکراوی توندوتیژیی خێزانی لە ساڵی ١٤٠٠دا وەکوو هاوسەرئازاری و منداڵ ئازاری نزیک ٧٥ هەزار جار بووە.

هەروەها "فەرزانە مەهدی‌زادە"، بەڕێوەبەری نووسینگەی پشکنینی گشتیی پزیشکی یاسایی، کۆی گشتیی شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی بە نزیک ٦٠٠ هەزار جار بڵاو کردووەتەوە و جەختی کردووەتەوە کە ئەو ڕێژەیە لە توندوتیژی ژمارەیەکی یەکجار زۆرە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، لە ٦٠٠ هەزار توندوتیژیی ساڵی ١٤٠٠ کە لەچاو ساڵی ٩٩ هەڵکشانی هەبووە، نزیک ٤٠٠ توندوتیژی پەیوەندیی بە پیاوانەوە هەبووە و نزیک یەک لەسەر سێی ئەو ئامارەش پەیوەندیی بە ژنانەوە هەبووە.

"ڕوزبێ کردوونی" سەرۆکی دامەزراوەی دەوڵەتیی لێکۆڵینەوەی دابینکردنی کۆمەڵایەتیی ئێران، ساڵی ١٤٠٠ وتبووی کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا توندوتیژیی خێزانی لە گەورەشارەکان ٧٧ لەسەد بەرز بووەتەوە.

ئامارێک کە ناوەندی فەرمیی لێکۆڵینەوە لە شەڕ و تێکهەڵچوون و هەروەها توندوتیژیی خێزانی بڵاوی دەکاتەوە، بەپێی دەۆسیەگەلێکە کە لەو ناوەندەدا پێک دەهێنرێن و دەرخەری ئاماری ڕاستەقینەی گشت تێکهەڵچوون و توندوتیژییەکانی خێزانی نییە.