کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢ هەزار منداڵی بەجێماو لە خوێندن لە پارێزگای ئیلامدا هەیە

11:38 - 6 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: کەمیی خزمەتگوزاری و لە پەراوێزبوونی پارێزگای ئیلام، بووەتە هۆی ئەوەی ٢ هەزار منداڵ لە خوێندن جێ بمێنن و نەتوانن درێژە بە خوێندن بدەن.

چەند ڕۆژ پێش، "قاسم سلێمانی دەشتەکی"، پارێزگاری پارێزگای ئیلام، لە دانیشتنێکدا باسی لە کێشە و گرفتەکانی بەردەم منداڵانی ئەم پارێزگایە کرد و ڕایگەیاند: "زیاتر لە ٢ هەزار منداڵی بەجێماو لە خوێندن لە  پارێزگای ئیلامدا هەن، کە دەبێ لە ڕێگای بەرنامەداڕێژیی ناوەندە پەیوەندیدارەکانەوە، ئەم پرسە چارەسەر بکرێت".

ناوبراو هۆکاری دابڕانی ئەم منداڵانەی لە خوێندن بۆ گوندنشینییان گەڕاندووەتەوە وباسی لەوە کردووە کە ٥٥ هەزار منداڵ لە گوندەکاندا ژیان دەکەن.

پارێزگای ئیلام کە بە یەکێک لە پەراوێزخراوترین پارێزگاکانی ئێران دێتە ئەژمار، لە ڕووی پێداویستی و شوێنە سەرەکییەکانی وەک قوتابخانە و نەخۆشخانەوە هەژارە و ڕادەی قوتابخانەکان بەپێی پێویست نییە. سەرەڕای ئەمەش ئەگەر قوتابخانەیەکیش هەبێت، ئەوا لەگەڵ ستانداردە جیهانییەکان یەک ناگرێتەوە. بەرپرسانی ڕێژیمیش وەک هەمیشە بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی خەڵک تەنیا بەڵێن و وادەی چەواشەکارانەیان پێیە.

پارێزگای ئیلام، ژێرخانێکی دەوڵەمەندی سەرچاوە سروشتییەکانی هەیە، بەڵام هەر ڕۆژە و هەواڵێکی نەرێنی لەبارەی خراپیی دۆخی ژیانی خەڵکەکەی بڵاو دەبێتەوە و لە ئامارە نەرێنییەکاندا لە پلەی یەکەمدایە.