
لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا ڕێژەی منداڵانی ژێر تەمەنی پێنج ساڵ کە کێشی کەم و بەدخۆراکییان هەیە لە کوردستان و ئێراندا زیادی کردووە.
ئێستاکە ٨ پارێزگا لە کوردستان و ئێراندا ئەمنییەتی خۆراکییان نییە. لە ساڵی ١٣٩٩دا زیاتر لە ٦٠ هەزار منداڵ لە کوردستان و ئێراندا چوونەتە ڕیزی ئەو منداڵانەوە کە تووشی کێشی کەم و بەدخۆراکین.
بەدخۆراکی لە ساڵەکانی سەرەتایی ژیانی منداڵدا دەبێتە هۆی "کەمیی گەشەی جەستە، کورتەباڵایی و دواکوتوویی بیر".
بەپێی ئامارە فەرمییەکان نیوەی منداڵانی ژێر تەمەنی پێنج ساڵ لە جیهاندا بەهۆی بەدخۆراکی گیانیان لەدەست دەدەن.
بەدخۆراکیی منداڵ پەیوەندی ڕاستەوخۆی لەگەڵ هەژاری هەیە و بەهۆی تاڵانی ماڵ و داراییی هاووڵاتییان لەلایەن ڕێژیمەوە زیاتر لە ٣٥ لەسەدی حەشیمەتی ئێران لە هەژاریدا ژیان دەکەن و ئەو ڕێژەیەش لە ساڵی ١٤٠٠دا زیاتر بووەتەوە.
بەپێی لێکۆڵینەوەی کارناسان، هێڵی هەژاری لە ئێراندا ١٢ ملیۆن تمەنە و بەو شێوەیە زیاتر لە ٥٠ لەسەدی حەشیمەتی ئێران لە هەژاریدا ژیان دەکەن.
پارێزگاکانی "کرماشان، ئیلام، کۆهگیلوویە و بۆیرئەحمەد، سیستان و بەلووچیستان و خوراسانی باشوور" زۆرترین ڕێژە هەژارییان هەیە.