کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٥٠ هەزار کەس لە پارێزگای ورمێ، لە شوێنی نیشتەجێبوونی نافەرمیدا دەژین

12:28 - 8 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: ٢٥٠ هەزار کەس لە حەشیمەتی پارێزگای ورمێ، لە شوێنی نیشتەجێبوونی نافەرمیدا ژیان دەکەن کە ئەم ڕێژەیە ٣١ لەسەدی حەشیمەتی ئەو پارێزگایە دەگرێتەوە.

ڕۆژی سێشەممە، ٨ی گەلاوێژ، هەواڵدەریی "ئیرنا"ی سەر بە ڕێژیم، نوێترین چەواشەکاریی "عەلیڕەزا مەلامحەممەدی"، فەرمانداری پارێزگای ورمێی بڵاو کردووەتەوە کە وتوویەتی: "بە مەبەستی ناسین و کەڵکوەرگرتن لە توانییەکانی ناوچە پەراوێزنشینەکان و هەروەها پێشگرتن لە بەخەسارچوونی سەرمایە کۆمەڵایەتییەکان لەم ناوچانە و دابینکردنی خزمەتگوزاریی باش بۆ خەڵک، ٩ نووسینگەی ئاسانکاریی لە ورمێ چالاک کراونەتەوە".

ناوبراو هەروەها لە درێژەی چەواشەکاریەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە بەرپرسان تەواوی هەوڵی خۆیان خستووەتە گەڕ تا بتوانن ناوچە پەراوێزنشینەکان لە بواری کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەوە نۆژەن بکەنەوە.

سەرەڕای گرانبوونی ماددە خۆراکییەکان و پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان و نەبوونی توانای کڕینی خەڵک، ئەم بەرپرسە وتوویەتی کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە، ٢٧ تۆن مریشکی بەستوو، یەک هەزار و ١٤٥ تۆن شەکر و ١٧٤ تۆن گۆشتی سووری بەستوو، دراوە بە خانەوارەکان و  ئەنبارەکانی شاری ورمێ مریشکی زۆری تێدایە کە لە کاتی پێویستدا بە سەر بنەماڵەکانی هەموو ناوچەکان دابەش دەکرێت.

قسەکانی ئەم بەرپرسەی ڕێژیمە لە کاتێکدایە کە هەواڵدەریی "فارسـ"ـی سەر بە ڕێژیم، ڕۆژی ٦ی گەلاوێژ، لە زاری بەرپرسی ڕێکخراوەی سەردخانەکانی پارێزگای ورمێ بڵاوی کردوەتەوە  کە ٤٠ هەزار تۆن سێو لە سەردخانەکانی ئەم پارێزگایە لەنێوچوون و ماوەیان بەسەرچووە.