کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەموو خەمێکی ڕێژیمی ئێران ڕێژەی بەشداریکردنی خەڵکە لە هەڵبژاردنەکاندا

13:28 - 5 خەرمانان 2720

وەزیری نێوخۆی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی: "هەموو خەمێکی ئێمە ڕێژەی بەشداریکردنی خەڵکە لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماریدا".

"عەبدولڕەزا ڕەحمانیی فەزڵی" وەزیری نێوخۆیی ڕێژیمی ئێران لە وتووێژێک لەگەڵ دەنگ و ڕەنگی ڕێژیمدا، بەنیسبەت ڕێژەی بەشدارینەکردنی خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئێران نیگەرانیی دەربڕیوە.

بە وتەی ئەو بەرپرسەی ڕێژیمی تاران، لە هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی یازدەهەمی ڕێژیمدا ڕێژەی بەشداریی گشتیی خەڵکی ئێران ٤٢.٥ لەسەد و لە تاراندا ٢٥ لەسەد بووە، ئەو ڕێژە کەمەی بەشداریی خەڵک لە هەبژاردنەکاندا لە ٤١ ساڵی ڕابردوودا بێ وێنە بووە.

هەر چەند بەرپرسانی ڕێژیم هیچ ئامارێکی دروستیان لە ڕێژەی بەشداریی خەڵک بڵاو نەکردەوە، بەڵام ڕێژەی ڕاستەقینەی بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی مانگی ڕەشەمەدا کەمتر لە ٢٥ لەسەد بووە.

"فەزڵی" باسی لەوە کردووە، ڕووداوگەلێکی وەک کۆرۆنا، خستنە خوارەوەی فڕۆکە ئۆکراینییەکە و خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەر بوونەتە هۆی ئەوەی خەڵک بە ڕێژەیەکی کەم بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن.

هەڵبژاردن لە سیستەمی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا هەڵبژاردنێکی فۆڕماڵیتەیە و هیچ دەنگێکی ئازاد و دێموکراتیکی تێدا بەدی ناکرێت و تەنیا ئەو کەسانەی کە ڕێبەری ڕێژیمی ئێران دیارییان دەکات دەتوانن خۆیان بەربژێر بکەن و تەنانەت ئەو کەسەش کە دەبێتە سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، بووکەڵەیەکی دەستی ڕێبەری ڕێژیمی ئێرانە.