کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەناردەکردنی بێنزینی ئێران لە ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی ٧٤ لەسەد دابەزیبوو

12:14 - 6 خاکەلێوه 2722

بەپێی ئامارەکانی گومرکی ڕێژیمی ئێران، ڕێژەی هەناردەکردنی بێنزینی ئێران لە ساڵی ڕابردوو بەنیسبەت ساڵی ١٣٩٩ی هەتاوی ٧٤ لەسەد دابەزیبوو.

ڕێژیمی ئێران لە ساڵی ١٣٩٩ نزیکەی ٧.٨ ملیۆن تۆن بێنزینی بە بەهای نزیک ٣ میلیارد دۆلار هەناردە کردبوو، بەڵام هەناردەکردنی بێنزین لە ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی گەیشتبووە کەمتر لە ١.٩ ملیۆن تۆن بە بەهای ٧١٥ ملیۆن دۆلار.

ئەو ڕێژەیە لە هەناردەکردنی بێنزین لە بواری کێش و بەهاوە بەنیسبەت ساڵی ٩٩ی هەتاوی ٧٤ لەسەد دابەزیوە.

هەتا ئێستا سەدان ڕاپۆرت سەبارەت بە داشکانی بەرچاوی نرخی نەوت لەلایەن ڕێژیمی ئێران بە کڕیارانی نەوت بۆ دەورلێدانی گەرمارۆکانی ئامریکا بڵاو کراوەتەوە، بەڵام گەمارۆکانی ئامریکا هەناردەکردنی بێنزین و بەرهەمە نەوتییەکانی ئێران لەخۆ ناگرێت.

هەواڵدەریی ''مێهر'' سەر بە ڕێژیمی ئێران لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردبوو کە ئێران دوای ٧ ساڵ، سەرلەنوێ هاوردەکردنی گازۆئیلی دەست پێ کردووەتەوە و ئەگەریشی هەیە بێنزینیش هاوردە بکات.