کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەناردەکردنی لەڕادەبەدەر بووەتە هۆی گرانبوونی مریشک لە ئێراندا

12:04 - 7 گەلاوێژ 2720

سەرۆکی ئەنجومەنی بەرهەمهێنەرانی گۆشتی مریشک لە ئیران باسی لەوە کردووە، هەناردەکردنی گۆشتی مریشک بۆ "عێراق" و "ئەفغانستان" جگە لە گرانبوونی گۆشتی مریشک لە وڵات، قازانجێکی دیکەی بەدواوە نەبووە.

"عەبدولعەلی تەهماسبی" سەرۆکی ئەنجوومەنی بەرهەمهێنەرانی گۆشتی مریشک لە ئیران لە نامەیەکدا بۆ "ئیسحاق جەهانگیری" نووسیویەتی: "ئەفغانستان و عێراق لە بەرامبەر گۆشتی هەناردەکراوی ئێران، لەباتیی دۆلار، ڕیاڵ دەدەن کە ئەمەش گرانبوونی گۆشتی مریشکی بەدواوە نەبێت قازانجێکی دیکەی نییە و تەنیا ئەو دوو وڵاتە لەو مامەڵەیەدا قازانج دەکەن".

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم لە درێژەی نامەکەیدا نووسیویەتی: "عێراق و ئەفغانستان زۆربەی کەلوپەلە خۆراکییەکانی خۆیان، بەتایبەت گۆشتی مریشک لە ڕێگەی ئێرانەوە دابین دەکەن، بەڵام هیچ کامیان ئامادە نین کە لە بەرانەر هەناردەکردنی کەلوپەلە ئێرانییەکاندا دۆلار بدەن".

ناوبراو لە نامەکەیدا باسی لەوە کردووە، لە ئێستادا کە ڕیاڵی ئێران لە نزمترین ئاستی خۆیدایە، وەرگرتنی ڕیاڵ لە بەرامبەر هەناردەکردن بۆ ئەو دوو وڵاتە بە قازانجی ئەوان و بە زیانی ئێرانە.

 بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بە هەناردەکردنی لەڕادەبەدەری کەلوپەل بۆ وڵاتانی دیکە و وەرگرتنی ڕیاڵ لە بەرامبەر هەناردەکردندا، جگە لە هێنانەخوارەوەی ئەرزشی ڕیاڵی ئێران، گرانبوونی کەلوپەلەکان لە بازاڕەکان و بەفیڕۆچوونی دەستڕەنجی بەرهەمهێنەران، ئاکامی دیکەی لێ نەکەوتووەتەوە.