کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەناردەکردنی نەوتیی ئێران دابەزی

17:38 - 12 رەشەمه 2719

ئامارە نوێیەکانی "کێپلێر" دەریخستووە کە هەناردەکردنی نەوتیی ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، لە حاڵێکدا کە هەناردەکردنی نەوتیی ئەندامانی ئۆپێک هەڵکشاوە.

بەپێی ئامارەکانی شیرکەتی زانیاریی وزە و شوێنهەڵگرتنی نەوتکێشەکان ناسراو بە "کێپلێر"، ڕێژەی نەوتی خاوی هەناردەکراوی ئێران لە مانگی فێڤرییەی ئەمساڵدا بۆ ٢٤٨ هەزار بەرمیل لە ڕۆژدا دابەزیوە.

مانگی ژانوییە ڕێژەی هەناردەکردنی نەوتی خاوی ئێران ٢٥٤ هەزار بەرمیل بووە و لە دەورانی پێش گەمارۆکاندا، هەناردەکردنی نەوتیی ئێران سەرووی ٢ و نیو ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژدا بووە.

لە ئێستادا بەشی هەرەزۆری نەوتی ئێران بۆ چین هەناردە دەکرێت و بەشێکیش بۆ سووریە دەنێردرێت.

دابەزینی نەوتیی ئێران بۆ ٢٤٨ هەزار بەرمیل لە حاڵێکدایە کە ڕێژیمی ئێران لە بودجەی ساڵی داهاتووی هەتاویدا، هەناردەکردنی ١ ملیۆن بەرمیل نەوتی دیاری کردووە.

"کێپلێر" هەروەها وتوویەتی، لە مانگی فێڤرییەدا، عەرەبستان و عێراق و ئیمارات، هەناردەکردنی نەوتیی خۆیان بە شێوەیەکی بەرچاو بردووەتە سەرەوە و کۆی گشتیی هەناردەکردنی نەوتیی ئەندامانی "ئۆپێک"، گەیشتووەتە ٢٢ ملیۆن و ٣٥٩ هەزار بەرمیل لە ڕۆژدا کە بەنیسبەت مانگی ژانوییەوە ٤٦٤ هەزار بەرمیل نەوت هەڵکشاوە.