کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەناردەکردنی نەوتی ئێران بۆ ٢٣٨ هەزار بەرمیل دابەزیوە

11:45 - 12 رەشەمه 2720

هەناردەکردنی نەوتی ئێران پێ دەنێتە قۆناغێكی مەترسیدارەوە و مانگی ڕابردوو ھەناردەكانی ئەو ڕێژیمە بە شێوەیەكی بەرچاو دابەزیوە.

بەپێی زانیارییەکانی كۆمپانیای "ئێس.ڤی.بی ئینتێرنەشناڵ"، ھەناردە نەوتییەكانی ئێران لە ماوەی مانگی ڕێبەندانی ئەمساڵدا بەھۆی سزاكانی ئامریکاوە بە شێوەیەكی بەرچاو دابەزیوە.

بەپێی ئاماری ئەو کۆمپانیایە هەناردەکردنی نەوتی ئێران گەیشتووەتە نزیکەی ٢٣٨ ھەزار بەرمیل لە ڕۆژدا.

هاوینی ئەمساڵ هەواڵدەریی "ڕویتێرز" بڵاوی کردبووەوە کە زانیارییەکان پیشان دەدەن هەناردەکردنی نەوتی ڕێژیمی ئێران بۆ ژێر٣٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژدا دابەزیوە.

دابەزینی ئاستی هەناردەکردنی نەوتی ڕێژیمی ئێران بۆ کەمتر لە ٣٠٠ هەزار بەرمیل لە حاڵێکدایە کە بودجەی ئەمساڵی ڕێژیم، لەسەر هەناردەکردنی ١.٥ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژدا داڕێژراوە.

گەمارۆوە ئابوورییەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، تەنگی بەو ڕێژیمە هەڵچنیوە و ئابووریی ئەو وڵاتەی بەرەو هەڵوەشاندنەوەی یەکجارەکی بردووە.