کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەناردەی "بەرقـ"ـی ئێران بۆ دەرەوە ٥٤ لەسەد کەمی کردووە

13:15 - 7 جۆزەردان 2722

وەزارەتی "وزە"ی ڕێژیم ڕایگەیاندووە کە هەناردەی "بەرقـ"ـی ئێران بۆ وڵاتانی دەوروبەر ٥٤ لەسەد کەمی کردووە.

لەو پەیوەندییەدا هەواڵدەریی "خامە"ی ئەفغانستانی لە زمانی بەرپرسانی خۆجێیی ئەفغانستان ڕایگەیاندووە کە لە ئێستادا ٧٣ لەسەدی "بەرقـ"ـی ئەفغانستان لە وڵاتانی دەوروبەرەوە دابین دەکرێت کە لەو ڕێژەیە ٢٢ لەسەدی لە ئێرانەوە دابین دەکرێت.

ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی بەر لە گەمارۆکانی ئامریکا، ئێران زیاتر لە ٧٠ لەسەدی "بەرقـ"ـی ئەفغانستانی دابین دەکرد.

هەواڵدەری "ئیلنا"ی سەر بە ڕێژیم ڕۆژی هەینی ٦ی جۆزەردان ڕایگەیاند کە بازاڕی "بەرقـ"ـی ئێران لەلایەن وڵاتانی "ئاسیای ناوەندیـ"ـیەوە قۆرخ کراوە و لاوازی لە بەشی بەرهەمهێنان و ناکارامەیی لەو بوارەدا و نەبوونی سەمایەدانان لە دەیەکانی ڕابردوودا، هۆکاری ئەوە بووە کە ئەفغانستان بۆ هاوردەکردنی بەرق ڕوو لە وڵاتانی ئاسیای ناوەندی بکات.

ئامارەکانی وەزارەتی "وزە"ی ڕێژیم ئەوەی نیشان داوە کە ئێران لە مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵدا ٣٤١ ملیۆن کیلۆوات ساعەت هاوردەی "بەرقـ"ـی هەبووە کە لەچاو مانگی خاکەلێوەی ساڵی پێشوو ٦٧ لەسەد زیاتر بووە. هەروەها ٢٣٩ ملیۆن کیلۆوات ساعەت هەناردەی هەبووە کە لە چاو ساڵی ڕابردوو ٥٤ لەسەد کەمبوونەوەی بۆ خۆیەوە دیتووە.