کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەواڵدەرییەکی سەر بە سپای پاسداران فایلی دەنگی نەهێنیی گەندەڵییەکانی نێو سپای پشتڕاست کردەوە

11:12 - 25 رێبەندان 2721

هەواڵدەریی ''فارس'' سەر بە سپای پاسداران، ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی ڕێبەندان ڕاستبوونی فایلی دەنگیی دانیشتنی نهێنیی ''محەممەد عەلی جەعفەری'' فەرماندەی پێشووی سپای پاسدارانی پشتڕاست کردەوە.

ئەو هەواڵدەرییە لە ڕاپۆرتێکدا وتوویەتی کە لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکان ڕاستبوونی ئەو فایلە دەنگییە پشتڕاست دەکاتەوە و باسی لەوە کردووە: ''بەو جۆرەی کە لەو فایلەدا هاتووە سادق زۆلقەدرنیا جێگری ئابووریی سپا باس لە گەندەڵییەک لە گرووپی یاس دەکات کە فەرماندەیەکی پێشووی سپا بەرپرسی بووە''.

ئەم فایلە دەنگییە کە ٥٠ خولەکە و بەشێکی زۆری لەسەر دانیشتنی نهێنیی ''محەممەد عەلی جەعفەری'' فەرماندەی گشتیی سپای پاسداران و ''سادق زۆلقەدەرنیا'' جێگری پێشووی ئابووری و سازەندەگیی ئەو ڕێکخراوە لە ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی لەخۆ دەگرێت کە گەندەڵیی هێزەکانی سەر بە لقی قودسی سپای پاسداران، بونیادی تەعاونی سپا و شارەداریی تاران ئاشکرا دەکات.

لەو فایلە دەنگییەدا باس لە ڕۆڵی ڕاستەوخۆی ''محەممەد باقر قاڵیباف'' شارەداری ئەوکاتی تاران و سەرۆکی ئێستای مەجلیسی ڕێژیمی ئێران، ''قاسم سلێمانی'' فەرماندەی پێشووی لقی قودسی سپای پاسداران، ''جەماڵەدین ئابرومەند'' جێگری ئەوکاتی هاوئاهەنگیی سپا و ''حوسێن تائێب'' بەرپرسی ئیتلاعاتی سپا کراوە کە لەلایەن خامنەییەوە پارێزراون.