کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەواڵدەریی ''مێهر'' نووسیبووی کە ڕێژیم هەر ڕۆژ زیاتر لە ڕووخان نزیکتر دەبێتەوە

17:48 - 5 جۆزەردان 2722

هەواڵدەریی ''مێهر'' سەر بە ڕێکخراوی تەبلیغاتی ئیسلامیی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی جۆزەردان، لە بابەتێکدا کە بەخێرایی لە ماڵپەڕی ئەو هەواڵدەرییە سەڕدرایەوە، نووسیبووی کە ڕێژیم هەر ڕۆژ زیاتر لە ڕووخان نزیکتر دەبێتەوە.

ئەو هەواڵدەرییەی سەر بە ڕێژیم لە ڕاپۆرتێکدا لەژێر ناوی ''هێندێک لە دەسەڵاتدارانی ڕێژیم لە گۆڕینی سیاسەتی یارانەیی پەشیمانن''، باسی لەو کردووە کە بڵاوبوونەوەی گەندەڵیی بەربڵاو لەنێوان نزیکانی ''عەلی خامنەیی'' ڕێبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لەنێوان هێزە ئەمنییەتی و نیزامییەکان، ناڕزایەتیی لێ کەوتووەتەوە.

"خامنەیی" زۆر جار لە بەرامبەر ئاشکاربوونی گەندەڵیی کەسانی نزیکی خۆی وەکوو ''محەممەد باقر قاڵیباف'' سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیم و ''قاسم سلێمانی'' فەرماندەی کوژراوی لقی قودسی سپای پاسداران، ئەو بابەتەی بە بەدناوکردنی ئەو کەسانە ناو لێ بردووە و داوای ڕاگرتنی لێکۆكینەوە لە بابەت گەندەڵی و ئیختلاسەکان کردووە.

گەندەڵی و ئیختلاس و دزیی لەبڕاننەهاتووی بەرپرسانی ڕێژیم گەیشتووەتە ئاستێک کە زۆر جاران لە بەر کێشە نێوخۆییەکان، هەر خۆیان یەکتری لەقاو دەدەن و ئەمە بە ڕادەیەک ئاشکرایە کە میدیاکانی ڕێژیمی ئێرانیش ناتوانن چاوپۆشیی لێ بکەن.