کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەواڵنێرانی بێسنوور: نزیک بە نیوەی وڵاتانی جیهان سەبارەت بە کۆرۆنا چەواشەکاری دەکەن

12:49 - 11 پووشپەڕ 2720

ڕێکخراوی هەواڵنێرانی بێسنوور ڕایگەیاندووە کە نزیک بە نیوەی وڵاتانی جیهان لە بڵاوکردنەوەی ئازادی زانیارییەکانی تایبەت بە پەتای کۆرۆنا چەواشەکاری و کارشکێنی دەکەن.

ڕێکخراوی هەواڵنێرانی بێسنوور ڕۆژی سێشەممە ١٠ی پووشپەڕ، ڕایگەیاند کە لە سەرەتای دەستپێکی قەیرانی کۆرۆناوە، پێشێلکردنی مافی ئازادیی ڕاگەیاندنەکانی لە ڕووماڵکردنی قەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆنادا لانیکەم لە ٩٠ وڵات لە ١٩٣ وڵاتی جیهاندا کە ئەندامی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانن تۆمار کردووە.

هەواڵنێرانی بێسنوور لەوبارەوە هۆشداریی داوە کە وڵاتان دەبێ بۆ پارێزگاری لە ئازادیی ڕاگەیاندنەکان هەوڵ بدەن و ئیزنی بڵاوکردنەوەی زانیاریی ڕاست و دوور لە چەواشە بە ڕۆژنامەنووسان بدەن.

ئەو ڕێکخراوە هەروەها ڕایگەیاندووە کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێشێلکردنی ئازادیی زانیاریگەیاندن تەنیا لە ٥ وڵاتدا تۆمار کراوە کە لەواندا ڕێژیمی ئێران زۆرترین ڕێژەی هەیە.

لە درێژەدا هاتووە کە گشتگیربوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێراندا هاوکات بووە لەگەڵ سەرکوتی ڕۆژنامەنووسانی سەربەخۆ کە تا ئێستا لانیکەم ٢٨ کەس بانگ کراوە کە لە سەرەتای دەستپێکی ئەو پاندێمییەوە لەژێر لێپرسینەوەدان یان دەسبەسەر کراون.

هەر لە سەرەتای دەستپێکی قەیرانی کۆرۆناوە لە ئێران، ڕێژیمی ئێران بە شاردنەوە و نکۆڵیکردن لە هەبوونی ئەو ڤایرۆسە لە ئێراندا دەستی بە چەواشەکاری لەو بوارەدا کرد و دواتریش بە شاردنەوەی ئامارەکان هەوڵی دا دۆخی وڵات ئاسایی نیشان بدات.

لەلایەکی دیکەشەوە ڕێژیمی ئێران ئیزن بە هیچ ڕاگەیاندنێک نادات کە زانیارییەکان سەبارەت بە ئاماری تووشبووان بڵاو بکاتەوە و بە توندترین شێوە پێشێلکارانی ئەو بڕیارەی سزا دەدات.