کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەواڵنێرانی سەر بە ڕێژیم، ڕاستییەکان چەواشە دەکەن

10:19 - 29 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: ماڵپەڕ و هەواڵدەرییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، ڕاستییەکانی خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ئێران چەواشە دەکەن و هەواڵەکان بەو شێوەیە بڵاو دەکەنەوە کە خامنەیی و ڕووحانی باسی لێوە دەکەن.

هاوکات لەگەڵ زۆربوونەوەی خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ئێران، بە فەرمانی شۆرای بەناو ئەمنییەتی ڕێژیم، هێڵی ئینتێرنێت پچڕاوە.

تەنیا ٥ لەسەدی ئینتێرنێتی ئێران کار دەکات کە ئەویش بۆ بەرپرسان، دەزگاکان و هەواڵنێرانی سەر بە خودی ڕێژیمن.

هەروەها هەواڵدەرییەکانی "فارس" و "تەسنیم" سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیم هەوڵ دەدەن ناڕەزایەتییە خەڵکییەکان بەو شێوەیە بڵاو بکەنەوە کە خامنەیی و ڕووحانی باسی لێوە دەکەن.

هەواڵدەرییەکانی سەر بە ڕێژیم، خۆپیشاندەران بە کەسانێکی "شەڕەنگێز" و خۆپیشاندانەکانیش بە "شەڕەنگێزی" ناو دەبەن، تاکوو خەڵک وەکوو کەسانی ئاژاوەگێر بناسێنن، لە لایەکی دیکەشەوە دەستی ڕێژیم بۆ سەرکوتی خەڵک ئاوەڵاتر بێتەوە.

میدیاکانی ڕێژیمی ئێران بە بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی باوەڕپێنەکراو، لە چەواشەکارییەکی ئاشکرادا باس لە تێکدانی شارەکان لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە دەکەن، بەڵام هیچ باسێک لە سەرکوتی خۆپیشاندەران لەلایەن ڕێژیمەوە و ئاماری کوژراو و بریندارەکان ناکەن.

دابینکردنی ئینتێرنێت بۆ ناوەند و میدیاکانی سەر بە ڕێژیم باس لە دەستەمۆبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە بەناو هەواڵنێران و ڕۆژنامەوانانی ئێرانی دەکات کە تەنیا کاریان چەواشەکاریی ڕاستییەکانە.

لە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵدا هاوکات لەگەڵ ڕۆژی ڕۆژنامەوان لە ئێراندا، ڕووحانی یەک ساڵ ئینتێرنێتی خۆڕایی بۆ ژمارەیەکی دیاریکراو لە هەواڵنێرانی هەواڵدەرییەکانی فارس و تەسنیم تەرخان کرد.

گوشارەکانی وەزارەتی ئیرشادی ڕێژیم بۆ سەر میدیا نێوخۆییەکان، بەکارهێنانی ئینتێرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بۆ گواستنەوەی زانیاریی ڕاست پەرەپێدا، بۆیە بە پچڕاندنی ئینتێرنێت هەوڵی کپکردنی دەنگی ڕاستییەکان دەدەن.