کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەواڵی هەڵپەساردنی گەمارۆکان بە جێگای هەڵوەشانەوەیان لەلایەن عەباس عەراقچی ڕەت کرایەوە

12:54 - 1 بانەمەڕ 2721

کاناڵی ئینگلیزی زمانی ''پرێس تی وی'' کە سەر بە ڕێژیمی ئێرانە لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاوی کردبووەوە کە ئامریکا گەمارۆکان لەسەر ڕێژیمی ئێران هەڵناوەشێنێتەوە بەڵکوو دەیانخاتە حاڵەتی هەڵپەساردنەوە، دوابەدوای ئەوە ''عەباس عێراقچی'' جێگری وەزیری دەرەوەی ڕێژیم ئەو هەواڵەی ڕەت کردەوە.

''عەباس عێراقچی'' جێگری وەزیری دەرەوەی ڕێژیم و هەروەها نوێنەری ئێران لە دانیشتنە نافەرمییەکانی بەرجام لە ڤییەن لەسەر ئەو هەواڵە لە لاپەڕەی تویتێری خۆی نووسیەتی: "نازانم سەرچاوەی ئاگاداری کانالی پرێس تی وی لە ڤییەن کێیە، بەڵام هەر کەسێکە لە بنەڕەتدا ئاگادار نییە''.

کاناڵی ''پرێس تی وی'' هەروەها لە زاری سەرچاوەکەی خۆی لە ڤییەن نووسیبووی کە لابردنی قۆناغ بە قۆناغی گەمارۆکان یان درێژکردنەوەیان لە ماوەکانی ١٢٠ ڕۆژە و ١٨٠ ڕۆژەدا، سەرەڕای ئەوەی کە ئابووریی ئێران دەبەستێتەوە، ئامریکا دەتوانێت بە بارمتەگرتنی لابردنی گەمارۆکان، داواکارییەکانی دیکەی خۆی واتە بەرجامی ٢ و ٣ بەسەر ئێراندا بسەپێنێت.

ئەو کاناڵە وتبووی، ئامریکا لە هەوڵدایە ئێران ناچار بکات کە لابردنی قۆناغ بە قۆناغی گەمارۆکان قەبووڵ بکات.

هەروەها ئەو کاناڵە لەسەر ڕاستبوونی ئەو هەواڵە جەختی کردووەتەوە و لە کاردانەوە بە قسەکانی ''عێراقچی'' لە تویتێر نووسیویەتی: "عێراقچی بە جێگای خستنە ژێر پرسیاری ئەو هەواڵە، باشتر بوو وتبای کە کام زانیارییە هەڵەیە. چاوەڕوانین گوێمان لە وڵامی ناوبراو بێت".

دوایین گەڕی وتووێژەکانی بەرجام ڕۆژی سێشەممە ٣١ی خاکەلێوە لە ڤییەن کۆتایی پێهات و هەیئەتەکان بۆ ڕاوێژکردن بۆ  پێتەختەکانیان گەڕانەوە و بڕیارە وتووێژەکان لە حەوتووی داهاتوو درێژەیان پێ بدرێتەوە.