کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەولێر/ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی سەبارەت بە ناڕوونیی چارەنووسی سامان نەسیم

19:41 - 3 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: ناڕوونیی دۆخی سامان نەسین و زیندانییە سیاسییەکانی دیکەی کورد، ناڕەزایەتیی چالاکانی سیاسیی و مەدەنی کوردی لە هەولێر لێکەوەتەوە.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی شەممە رێکەوتی ٢ی رەشەممەی ١٣٩٣ی هەتاوی، ژمارەیەک لە چالاکانی سیاسی، مەدەنی و رۆژنامەنووسانی کوردستانی ئێران لە کۆبوونەوەیەکدا لەژێر ناوی ناڕەزایەتی دەربڕین بە دۆخی ناڕوونی سامان نەسیم، عەلی و حەبیب ئەفشاری، سیروان نژاوی، ئیبڕاهیم عیساپوور و یونس ئاقایان بەڕێوەچوو، ناڕەزایەتی خۆیان سەبارەت بە چارەنووسی نادیاری دۆخی سامان نەسیم و چەند کەسی دیکە لە زیندانیانی سیاسیی کورد دەربڕی.

کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی چالاکانی سیاسی و مەدەنی کوردستانی ئێران لە بەردەم پارلمانی کوردستان بە مەبەستی پشتیوانی لە زیندانیانی سیاسی و هەروەها مەحکووم کردنی حوکمی ئیعدامی زیندانیانی سیاسیی کورد و ناڕوون بوونی چارەنووسی ژمارەیەک لە چالاکانی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئیعدام لە کوردستانی ئێران بەڕێوەچوو و لە کۆبوونەوە ناڕزایەتییەدا دوا پارلمانی هەرێمی کوردستان کراوە کە لە رێگای فەرمیی دیپلۆماتیکەوە داوا لە رێژیمی ئێران بکات کە حوکمی ئیعدامی چالاکانی سیاسیی کورد بە زووترین کات رابگرێت.

بەپێی وتەی یەکێک لە بەڕێوەبەرانی ئەو کۆبوونەوە، داواکاریی ناڕازیان بە شێوەی دیاریکراو رادەستی دوکتور فورسەت سۆفی و سەعید مەسیفی وەک نوێنەرایەتی لە کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی پارلمانی کوردستان کراوە و ئەوانیش پشتیوانیی خۆیان لەو داواکاریانە دەربڕی.

لەو پەیوەندییەدا رێپێوانێک لەلایەن ناوەندی پشتیوانی لە بزوتنەوەی نەتەوەکانی ئێران و رێکخراوی مافی مرۆڤی ئیران ــ بەشی هامبورگ، دژی تاوانەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران و ئیعدامی لاوانی کورد لە شاری هامبورگـی وڵاتی ئاڵمان بەڕێوەچوو.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە هیچ بەرپرسێکی فەرمی یا هەواڵدەرییەکی باوەڕ پێکراوی حکوومەتی و سەربەخۆ راستی ئەو هەواڵانەیسەبارەت بە ئیعدام کردن یا وەدواخستنی حوکمی ئیعدامی سامان و زیندانییەکانی دیکەی کورد کە رۆژی چوارشەممەی حەوتووی رابردوو لە بەندی زیندانی ئورمیە دەرکراون تەئید نەکردووە.

شەڕی رەوانی رێژیمی ئێران لەگەڵ بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی، بنەماڵەی ئیعدام کراون لە رێگای راگرتنیان و ئاگادار نەکردنەوەیان لە چارەنووسی ئەندامی بنەماڵەکانیان، کردەوەی دزێو و نامرۆڤانەی هەمیشەیی رێژیمی ئێران بووە.

رێژیمی ئیسلامیی جیا لە بەڕێوەبردنی حوکمی زیندانیانی سیاسی، بنەماڵەی ئەو کەسانەش سزا دەدات؛ کردەوەیەک کە وێدەچێت لە رووداوەکانی ئەم دواییانەش دووپات ببێتەوە.

ماوەیەک پێش، دوای بڵاوبوونەوەی چەند هەواڵێک سەبارت بە بەڕێوەچوونی حوکمی ئیعدامی سامان نەسیم و هەواڵ و زانیاریی ناڕوون لەو بارەیەوە، ماڵپەڕی کوردستان میدیا لە رووی روانگەی چالاکانی سیاسی و مافی مرۆڤ راپۆرتێکی بڵاو کردەوە کە تیایدا ئاماژە کرابوو: ئەگەری دروست کردنی فەزایەکی لەم چەشنە لەلایەن دەزگا ئەمنییەتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ئارا دایە و رێژیمی ئێران بە هۆی گوشارە نێوخۆیی و بیانییەکان نیسبەت بە زیندانیانی مەحکووم بە ئیعدام بۆ ئاسایی کردنەوەی فەزا و ئامادەکردنی بەستێنێک بۆ بیروڕای گشتی ئەو هەوڵە دەدات.

ئاویەر. ت