کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵدان بۆ دروستکردنی دووبەرەکی سیاسەتی هەمیشەی ڕێژیمی ئیسلامی

16:05 - 3 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامی ئێران وەک هەمیە لە هەوڵدایە، بە دروستکردنی دووبەرەکیی لە نێو توێژ، ئایین و پێکهاتە جیاوازەکانی ئێران تەمەنی خۆی درێژتر بکات.

ئەوە شتێکی ئاشکرایە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بۆ مانەوەی خۆی لە دەسەڵاتدا، پەنا بۆ هەموو کار و شێوازێک دەبات.

لە دوای دەستپێکردنی کۆبوونەوە ناڕەزایەتی و مانگرتنە سینفییەکان و بەردەوامیان، ڕێژیمی ئیسلامی ئێران لە هەوڵدایە لە ڕێگەی سیاسەتە فریوکارانەکانی خۆی وەک دەست لەکارکێشانەوەی چەند وەزیر، لەسێدارەدانی ئاژاوەگێڕان و وەرگرتنەوەی سەرمایە ناڕەواکانی بەرپرسان خۆڵ لە چاوی خەڵک بکات و خەڵکی تووڕە لەو ڕێژیمە سەرەڕۆیە هێور بکاتەوە.

سەرەڕای ئەم هەوڵانەی ڕێژیم، خەڵک داوای گۆڕینی دەسەڵات و لەسەر کار نەمانی ئەم ڕێژیمە دەکەن، ڕێژیم ئەمجارە وەک سیاسەتە هەمیشەییەکانی خۆی دەیەوێت لە ڕێگەی دووبەرەکینانەوە لە نێو چینی کرێکار، جووتیار و کارمەندانەوە و هەروەها زاڵکردنی مەزهەبی شێعە بەسەر مەزهەبی سوونیدا و پشتگوێخستنی ئایینەکانی دیکەی وەک یارسان، ماوەی دەسەڵاتەکەی خۆی درێژتر بکاتەوە.

خەڵک لە نێوخۆی ئێران بە جۆرێک ژیانیان دژوار بووە و گرانی و هەژاری بە جۆرێک گوشاری بۆ هێناون، کە چیدیکە لەوە ناچێت دروشم و هەوڵە چەواشەکارانەکانی ڕێژیم بتوانێت ئاوێک بەسەر ئاگری تووڕەبوونیاندا بکات و خەڵک سوورتر لە جاران داوای مافەکانی خۆیان دەکەن.