کوردستان میدیا: وەزیری دەرەوەی ئامریکا لەگەڵ وەلیعەهدی عەرەبستان و وەزیری دەرەوەی چین، سەبارەت بە دۆخی ئێران، تەلەفۆنی قسەیان کرد.
ڕۆژی شەممە، ٢٨ی بانەمەڕ، "پۆمپێئۆ"، وەزیری دەرەوەی ئامریکا، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی چین و وەلیعەهدی عەرەبستان، سەبارەت بە دۆخی ئێران، لە ڕێگای تەلەفۆنەوە قسەیان کرد.
پۆمپێئۆ و وەزیری دەرەوەی چین، سەبارەت بە ڕێژیمی ئێران و هەڕەشەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا، پێکەوە گفتوگۆیان کرد.
هەروەها وەزیری دەرەوەی ئامریکا لەگەڵ وەلیعەهدی عەرەبستان، پرسەگەلی ئاسایشیی ناوچەکەیان خستە بەرباس و باسیان لە بەهێزترکردنی هاوکارییەکانیان کرد.
گفتوگۆی نێوان پۆمپێئۆ و عەرەبستان لە حاڵێکدایە، کە ناکۆکیی نێوان ئامریکا و ڕێژیمی ئێران لە کەنداو و ناوچەکەدا سەری هەڵ داوە و ئامریکا ناوگانی بۆمبهاوێژیی لە ناوچەکەدا جێگیر کردووە.
عەرەبستان و ئامریکا و وڵاتانی ناوچەکە، دەسدرێژییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە هۆکاری ئاژاوەگێڕی لە ناوچەکە و جیهان دەزانن، کە بە هۆی ئەم ململانێیە ئەگەری هێرشی نیزامی بۆ سەر ڕێژیمی ئێران لە ئارادایە.