کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرۆکی مووساد پشتیوانی لە ئەنجامدانی هێرشی هاوبەش لەگەڵ ئەمریکا دژی کۆماری ئیسلامی دەکات

12:39 - 28 خەزەڵوەر 2726

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز"، ڕۆمەن گۆفمەن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی دەرەوەی ئیسرائیل (مووساد)، لە سەفەری حەفتەی ڕابردوویدا بۆ ئەمریکا، پشتیوانیی خۆی بۆ بیرۆکەی ئەنجامدانی هێرشی سەربازیی هاوبەش لە نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژی کۆماری ئیسلامی دەربڕیوە.

ڕۆیتێرز لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاوی کردووەتەوە کە گۆفمەن لە واشنگتۆن لەگەڵ بەرپرسانی دەوڵەتی ترامپ، لەوانە جان ڕاتکلیف، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (سی‌ئای‌ئەی) کۆبووەتەوە و هەڵسەنگاندن و زانیارییە هەواڵگرییەکانی ئیسرائیلی سەبارەت بە ئێران خستووەتە بەردەستیان.

هەروەها بە وتەی میدیاکانی ئیسرائیل، سەرۆکی مووساد لەگەڵ ستیڤ ویتکاف، نێردەی تایبەتی ترامپ بۆ کاروباری دیپلۆماسیی تایبەت بە ئێران و ئۆکراین کۆ بووەتەوە.

ئەم جموجۆڵانە لەکاتێکدان کە دۆناڵد ترامپ لە ٩ی نۆڤامبردا، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی قەتەر، ڕایگەیاندبوو کە لە ئێستادا خۆی لە هێرشکردنە سەر ئێران بەدوور دەگرێت.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆیتێرز، سەرکردەی وڵاتانی عەرەبیی کەنداو داوایان لە ترامپ کردووە هێرش نەکاتە سەر ئێران، چونکە نیگەرانن تاران هەڕەشەکانی بۆ هێرشی تۆڵەسەندنەوە بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە جێبەجێ بکات.

لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسێکی کۆشکی سپی بە ڕۆیتێرزی ڕاگەیاندووە کە ترامپ پێی وایە هەڵمەتی گوشارە ئابوورییەکانی واشنگتۆن دژی کۆماری ئیسلامی هێندە وێرانکەر بووە کە پێویست بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بەرفراوان ناکات، بەڵام لە هەمان کاتدا جەختی کردووەتەوە کە سەرۆککۆماری ئەمریکا هەموو بژاردەکانی بۆ دڵنیابوون لەوەی کۆماری ئیسلامی هەرگیز دەستی بە چەکی ئەتۆمی نەگات لەبەر دەستدایە.