ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بە ئاماژەدان بە بەردەوامیی سەرکوت و کوشتاری خۆپیشاندەران لە خەزەڵوەری ١٣٩٨ـەوە تا ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤، داوای لە کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد مێکانیزمێکی دادوەری بۆ لێپرسینەوە لە بکەرانی تاوان دژی مرۆڤایەتی لە ئێران پێک بهێنێت.
لە بەیاننامەی ئەو ڕێکخراوەدا هاتووە کە پارێزبەندیی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە سزا و لێپرسینەوە، بووەتە هۆی دووبارەبوونەوەی شەپۆلی کوشتار و توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران؛ بە شێوەیەک کە سزانەدانی بڕیاردەران و بکەرانی سەرکوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ساڵی ١٤٠١، ڕێژیمی هان داوە بۆ ئەنجامدانی تاوانی گەورەتر و کوشتاری هەزاران کەس لە بەفرانباری ١٤٠٤دا.
ئەم داواکارییە لەکاتێکدایە کە "ژان نۆئێل بارۆ"، وەزیری دەرەوەی فەرانسە، ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی خەزەڵوەر لە پارلەمانی وڵاتەکەیدا، وێڕای دەربڕینی پشتیوانی لە خەباتی خەڵکی ئێران بۆ ئازادی، داوای کرد کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارنامەیەک پەسەند بکات و تێیدا تاوانەکانی ڕێژیمی ئێران وەک "تاوان دژی مرۆڤایەتی" بناسێنێت.
هاوکات "ئانتۆنیۆ گۆترێش"، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانیش ڕایگەیاندبوو کە ڕێکخراوەکەیان کوشتاری خۆپیشاندەرانی بەفرانباری بە ڕاشکاوی مەحکووم کردووە، بەڵام ئامرازی پێویستی بۆ ڕاگرتنی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێراندا لەبەر دەستدا نییە.
لێبوردنی نێودەوڵەتی جەختی کردووەتەوە کە سیستمی دادوەریی کۆماری ئیسلامی نە ویست و نە توانای لێکۆڵینەوەی لە تاوانەکانی بەرپرسانی خۆی هەیە، بۆیە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت لە ڕێگەی پێکهێنانی میکانیزمێکی سەربەخۆوە کۆتایی بە بازنەی پارێزبەندیی تاوانباران بهێنێت.