کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵەکانی رێژیمی ئێران بۆ پێشگرتن لە بەڕێوەچوونی جێژنی نەتەوەیی نەورۆز

19:06 - 21 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: رێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ پێشگرتن لە بەڕێوەبردنی جێژنی نەورۆز لەلایەن هاووڵاتییانی کوردەوە، شارەکانی کوردستانی رۆژهەڵات پتر میلیتاریزە کردووە.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێژیمی ئێران بۆ پێشگرتن لە بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی جێژنی نەورۆز شارەکانی کوردستانی رۆژهەڵات زیاتر میلیتاریزە کردووە و بەردەوام و بە شێوەگەلێکی جۆراوجۆر لە هەوڵی ئەوەدایە کە پێش لە بەڕێوەچوونی ئەو جێژنە نەتەوەییە بگرێت.

لەو پەیوەندییەدا بەپێی راپۆرتێک کە لە شاری رەبەت بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتووە، هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئێران سەر لە بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە رێکەوتی ٢١ی رەشەمەی ١٣٩٣ی هەتاوی رژاونەتە سەر شەقام و کۆڵانەکانی ئەو شارە و خەڵک بە تایبەت لاوانیان خستووەتە ژێر چاوەدێری و ئەزیەت و ئازاریان دەدەن.

لەو پەیوەندییەدا هاووڵاتییەک بە هەواڵنێری کوردستان میدیای راگەیاند: ئەو هێزانەی رێژیم، کێشە و گرفت بۆ ئەوکەسانە دروست دەکەن کە لیباسی کوردی بە تایبەت لیباسی خاکیی شێوەی پێشمەرگانە لەبەر دەکەن.

پیلانە دزێوەکانی رێژیمی ئێران بۆ پێشگرتن له‌به‌ڕێوه‌چوونی‌جه‌ژنی‌نەتەوەیی نه‌ورۆز هەموو ساڵێک لە بەرەبەری نەورۆزدا لە کوردستانی رۆژهەڵات بە شێوەگەلێکی جۆراجۆر وەک میلیتاریزە کردنی شارەکانی کوردستان و هەڕەشەکردن دێتە ئاراوە.

ماوەیەک پێش ئێستا رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە کوردستانی رۆژهەڵات بە تایبەت لە شاری سەقز ئەو دەنگۆیەی بڵاو کردبووە کە گرووپی تێرۆریستیی داعش رایگەیاندووە ئەگەر کوردەکان ئاگری نەورۆز بکەنەوە، ئەو ١٧ پێشمەرگە دیلەی لە ئاگردا دەسووتێنن.

هاووڵاتییەک لەو بارەوە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیای راگەیاند: رێژیم ئه‌م ده‌نگۆیه‌ی‌ بڵاو كردووەته‌وه، ‌له‌به‌ر ئه‌وه‌یکە‌خه‌ڵك ئاگری‌نه‌ورۆز نه‌كاته‌وه ‌‌و پێش به‌به‌ڕێوه‌چونی‌خۆشی ‌‌و شایی‌نه‌ورۆز له‌خه‌ڵك بگرێت.

رێژیمی ئیسلامیی ئێران هەموو ساڵی لە بەرەبەری جەژنی نەورۆزدا لە رۆژهەڵاتی کوردستان سەرەڕای گوشار و زەختی هێزە ئەمنیەتییەکان بە فەرمی داوا لە خەڵک دەکات کە رێوڕەسمی جەژنی نەورۆز بەڕێوە نەبەن.

ئەمساڵیش رێژیم لە راگەیەندراواێکی فەرمیدا بڵاوی کردووەتەوە کە هەر جۆرە کۆبوونەوەیەک بۆ بەڕێوەبردنی جەژنی نەورۆز لە سەرتاسەری ئێران قەدەغەیە.

گادەر. د