کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران کۆنسولخانەی ئامریکای داخست

11:23 - 7 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: لە دوای هیرشی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بۆ سەر کۆنسولخانەی ئامریکا لە شاری بەسره، ئامریکا کۆنسولخانەی خۆی لەو شارە داخست.

وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئامریکا ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٦ی ڕەزبەری ١٣٩٧ی هەتاوی، لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، بە هۆی هێرشی  میلیشیاکانی سەر به ڕێژیمی ئێران لە  چەند حەوتووی ڕابردوو بڕیای داوە کە کۆنسولخانەی خۆی لە شاری بەسرەی عێراق دابخات.

"مایک پۆمپێئۆ" ئەو هەواڵەی پشتڕاست کردووەتەوە و گوتوویەتی، لە ماوەی چەند حەوتووی ڕابردوو هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران، سپای قودس و میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە عێراقدا، کە لەژێر چاودێریی پاسداری تێرۆریست قاسم سلێمانیدا کار دەکەن بەرز بووەتەوە.

پۆمپێئۆ باسی لەوە کردووە که میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بە شێوەی ناڕاستەوخۆ کۆنسولگەریی ئێمەیان داوەتە بەر ئاگری گولـلە و مووشەک.

ناوبراو هۆشداریی توندی بە ڕێژیمی ئێران داوە که لە هەر جێگایەک زیانی ماددی و گیانی بە هاووڵاتییانی ئامریکایی بگەینێت، ئامریکا ڕێژیمی ئێران بە بەرپرس دەزانێت و ئامریکا وڵامی توند و لێبڕاوانە بە ئێران دەداتەوە.

ڕۆژی هەینی سێ خۆمپارە ناوچەی سەوزی بەغدایان کردەوە ئامانج؛ کە بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەرتەشی عێراق هیچ زیانی ماددی و گیانی بەدواوە نەبووە.

ئێوارەی ڕۆژی ١٦ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، دوای ئەوەی کە خۆپێشاندەرانی ناڕازی، بەدژی ڕێژیمی ئێران لە سەرجەم ناوچەكانی پارێزگای بەسردا ڕژانە سەر شەقام بارەگای كۆنسوولخانەی ڕێژیمی ئێرانیان لەو شارە سووتاند.

خۆپێشاندەران جیا لە كۆنسوولخانەی ئێران، لە چەند شەوی ڕابردوودا چەندین بارەگای حكوومەتی، حیزبی و میلیشیا چەكدارەكانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانیان لە بەسرە سووتاند.

ڕێژیمی ئێران لە وڵاتی عێراق، بە پاڵپشتیکردن لە حەشدی شەعبی کە لقێکە لە سپای تێرۆریستی قودس و وەکوو نوێنەری شێعەکانی ژێردەسەڵاتی ڕێژیمه دەست لە کاروباری ئەو وڵاتەد وەر دەدات.