کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەی سپا لە عەرەبستان و ئامریکاش لە ئێران

11:12 - 7 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: گوشارە جیهانییەکان بۆسەر کۆماری ئیسلامی بەردەوام زیاد دەکەن و سپای پاسدارانیش چاو لە وڵاتانی ناوچە سوور دەکاتەوە.

وەزیری دەرەوەی ئامریکا لە پەراوێزی دانیشتنێکدا بۆ ڕاگەیاندنی کاتیی کۆنسولخانەی ئامریکا لە بەسرە ڕایگەیاند: کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە هەر خەسارێک کە لە عێراقدا وەبەر هێزە ئامریکاییەکان بکەوێت بەرپرسیارە.

مایک پۆمپێئۆ وتوویەتی: هۆشداریم داوە بە ئێران کە ئەوان بەرپرسیارن لەهەمبەر هەر خەسارێک کە وەبەر ئامریکاییەکان بکەوێت و ئامریکا وڵامی گونجاو بە ئێران دەداتەوە؛ پێشتریش کۆشکی سپی ڕایگەیاندبوو کۆماری ئیسلامی هۆکاری سەرەکی هەر هێرشێکە کە بکرێتە سەر ئامریکاییەکان.

هاوکات پۆمپێئۆ لە پەراوێزی دانیشتنی ساڵانەی کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا چاوی بە ئەندامانی شۆرای هاوکارییەکانی کەنداو کەوت و سەبارەت بە پرسە ئەمنیەتییەکانی ناوچە، کەنداو، ڕووداوەکانی سووریە و پرسە پێوەندیدارەکان بە ئێران ئاڵوگۆری بیروڕایان کرد و لە کۆتاییشدا ڕاگەیەندراوێکیان دەرکرد کە تێیدا پێداگری لەسەر نەخشی تێکدەرانەی تاران لە سەقامگیری ناوچە کرابوو.

لە بەرامبەریشدا و پاش ڕووداوەکانی ئەم دواییەی ئەهواز کە بووە هۆی کوژرانی دەیان پاسداری سپای پاسداران، حسەین سەلامی جێگری فەرماندەی گشتیی سپا هەڕەشەی لە عەرەبستانی سعودی و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی کرد و ڕایگەیاندووە: ئەگەر هێڵە سوورەکان ببەزێنن وڵامێکی جەرگبڕ وەردەگرن.

سەلامی وتوویەتی: تۆڵەی خوێنی کوژراوەکانمان لە سێکوچکەی ئامریکا، ئیسرائیل، عەرەبستان و ئیمارات دەکەینەوە.

هاوکات لەگەڵ قسەکانی سەلامی، موەحێدی کرمانی بەرنوێژی هەینی تاران لە نوێژی هەینیدا هۆشداری بە ئامریکا دا و ڕایگەیاندووە کە ئەمنیەتی پێگەکانی ئامریکا لە وڵاتانی ناوچە دەخەینە مەترسییەوە.

ئەم چاوسوورکردنەوە و هەڕەشەکردنانەی تاران لە وڵاتانی ناوچە و ئامریکا لە کاتێکدایە کە پاش کشانەوەی تاکلایەنەی ئامریکا لە بەرجام و دەسپێکی تەحریمە هەڵپەسێردراوەکان و لە بەرەبەری وەگەڕکەوتنەوەی خوولی دووهەمی تەحریمەکان، دۆخی ئابووریی ئێران هاوشێوەی دۆخە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکەی تووشی شڵەژانێکی بێوێنە بووەتەوە و ڕێژیم لەباتی چارەسەرکردنی گرفتە ئەساسییەکان هەوڵ بۆ زیادکردنی زیاتری شەڕئەنگێزییەکانی دەدات.