کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشە لە مامۆستایانی کوردستان لەبارەی پشتیوانییان لە مانگرتنی سەرتاسەری مامۆستایان لە ئێران

17:07 - 25 خاکەلێوه 2715

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ناوەندە ئەمنییەتییەکان و ناوەندی ئامووزش و پەروەرشی رێژیمی ئێران لەبارەی بەشداری لە مانگرتنی سەرتاسەری هەڕەشە لە مامۆستایانی قوتابخانەکانی کوردستان دەکەن.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ماوەی چەند رۆژێکە رێژیمی ئێسلامیی ئێران لە زۆربەی شارەکانی کوردستانی رۆژهەڵات سەبارەت بە مانگرتنی سەرتاسەری مامۆستایان کە بڕیارە لە رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ٢٧ی خاکەلێوەی ١٣٩٤ی هەتاوی بەڕێوە بچێت کەتووەتە پەلەقاژە و هەڕەشە لە مامۆستایانی قوتابخانەکانی کوردستان دەکات کە لەو مانگرتنەدا بەشداریی نەکەن.

لەو پەیوەندییەدا،یەدووڵڵاهی بەرپرسی حەراسەتی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی پارێزگای ئورمیە، بەمەبەستی پێشگرتن لە بەشداریی مامۆستایان لە مانگرتنی سەرتاسەری، رۆژی رابردوو داوای لە مامۆستایانی ئەو پارێزگایە کردووە کە دانیشتنیان لەگەڵ بکات.

مامۆستایەکی کورد لەو بارەیەوە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیای راگەیاند: سەرەڕای هەڕەشەی حیراسەتی ئامووزش و پەروەرش، داواکاریی بەرپرسی ئەو ناوەندە لەلایەن مامۆستایانی قوتابخانەکانەوە رەت کراوەتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە رایگەیاند کە لە درێژەی هەوڵەکانی رێژیمدا بۆ پێشگرتن لە بەشداریی مامۆستایانی کورد لە مانگرتنی سەرتاسەریدا، بەرپرسانی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان لە پەیوەندیی تەلەفوونیدا داوایان لە مامۆستایان کردووە کە لە مانگرتنی سەرتاسەریدا بەشداریی نەکەن.

مامۆستایانی چالاکی بواری پیشەیی مامۆستایانی پەروەردە و فێركردن، بە مەبەستی دەستەبەربوونی ماف و داخوازییەكانیان و ناڕەزایەتی دەربڕین بەو دۆخە قەیراناوییەی كە پرسی پەروەردەی خستۆتە ژێر مەترسییەوە، داوایان لە هەموو مامۆستایانی ئێران و كوردستان كردووە كە هاودەنگ لە گەڵ مامۆستایانی سەرتاسەری ئێران لە رۆژی ٢٧ی خاكەلێوەی ١٣٩٤ی هەتاوی، لە مانگرتنی سەرتاسەریی مامۆستایانی ئێراندا بەشداریی چالاكانە بكەن.
یەكیەتیی پیشەیی مامۆستایانی كوردستانی ئێران رۆژی رابردوو بە بڵاوکردنەوەی راگەیەندراوێک پشتیوانیی خۆی بۆ ئەو داوا و ویستە رەوایی مامۆستایان دووپات کردووەتەوە و داوای لە مامۆستانی كوردستانی ئێران کردووە لە مانگرتنی رۆژی ٢٧ی خاكەلێوی ئەمساڵدا شێلگیرانە بەشداری بكەن.

گادەر. د