کوردستان میدیا: سەرەڕای گوشاری نیوخۆیی و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، سپای پاسداران بە هەڕەشەکردنەوە دەڵێت ئێمە ناوچەکە چۆڵ ناکەین.
حوسێن سەلامی، جێگری فەرماندەی سپای پاسداران، رۆژی دووشەممە، لە ڕێوڕەسمی ٢٢ی بەهمەن، باسی لەوە کرد، کە سیاسەتەکانی ئێران نەگۆڕ نییە و بەپێی ڕەفتاری دوژمن دەگۆڕدرێت و دوژمن چاوەڕوانی چۆڵکردنی ناوچەکە لە ئێمە نەکات، بەڵکوو ئەوان دەبێت ناوچەکە چۆڵ بکەن.
لە حاڵێکدا ئامریکا و هاوپەیمانەکانی، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییان بە دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکەدا تۆمەتبار کردووە و داوای نەمانی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لەو وڵاتانە کراوە.
جێگری فەرماندەی سپای پاسداران، بەم شێوە هەڕەشەی کردووە: ''ئێمە لە دووردەستەکان بەرەنگار دەبینەوە، ئەگەر ڕۆژێک بمانەوێت زەربە لە دوژمن بدەین، لە شوێنک دەدەین کە ئەوڕۆ بیری لێ ناکەنەوە.
ناوبراو، بەبێ ئەوەی کە ڕوونکردنەوەیەک یا نموونەیەک بێنێتەوە، وتوویەتی: ئێمە بە قامچی و شەپڵاخە توند لە ئامریکامان داوە و لە مێژوودا بەردەوام شکستمان بە ئامریکا هێناوە.
هاوکات سەردار یەدوڵڵا جەوانی، جێگری سیاسیی سپای پاسداران، بە بۆنەی ساڵڤەگەڕی ئینقلابی ۵۷، لە خومەینیشار، باسی لەوە کرد، ئامریکا گوشارەکانی بۆ سەر ئێمە پەرە پێ دەدات هەتا ڕێگای وتووێژ لەگەڵ ئێمە بکاتەوە، ئامریکا بە هەموو کەرەستەکانی بەرگری و سەربازی خۆی ناوێرێت فیشەکێک بەرەو لای ئێمە بتەقێنێت و ئامریکا بزانێت، ئەگەر بیانەوێت هێرش بکەنە سەر ئێمە، حەیف و تێلاڤیڤ لەگەڵ زەوی یەکسان دەکەین.