کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەژاریی ڕەها لە ئێران بووەتە هۆی ئەوەی کە خەڵک پلاسمای خوێنیان بە ٩٠ هەزار بفرۆشن

17:24 - 27 رێبەندان 2721

"ناوەندی وەرگرتنی پلاسمای خوێن" لە "تاران" لە بەرامبەر جارێک پێدانی پلاسما ٩٠ هەزار پارە دەدات. ئەو بابەتە بووەتە هۆی ئەوەی کە خەڵکێکی زۆر پێکهاتوو لە ژن، پیاو و منداڵ لە بەردەم ئەو ناوەندەدا ڕیز بگرن و کۆ ببنەوە.

خەڵک باس لەوە دەکەن کە لە مانگێکدا ٢ جار دەچن پلاسما دەبەخشن و ٩٠ هەزار وەردەگرن کە دەبێتە ١٨٠ هەزار تمەن، واتە ٤ هێندەی ئەو یارانەی کە ڕێژیم پێیان دەدات.

هەڵکشانی مەودای نێوان حەقدەست و تێچووەکانی ژیان لە ئێران، سفرەی خەڵکی بە شێوەیەکی بەرچاو بچووک کردووەتەوە کە بوونەتە هۆی ئەوەی دیاردەکانی فرۆشتنی ئەندامانی لەش و پلاسما ڕوو لە زیادبوون بکات.

هەروەها هەڵاوسان و بێ نرخبوونی پارەی ئێران وای کردووە کە توانای کڕینی خەڵک بێتە خوارەوە، بە پێچەوانەی ئامارە ناڕاستەکانی ڕێژیمی ئێران بێکاریش پەرەی سەندووە و زۆربەی بنەماڵەکان داهاتێکیان نییە.

ئامارە فەرمییەکانی ڕێژیمی ئێران لەوانە ئەو ئامارانەی کە لەلایەن ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتی بڵاو بوونەتەوە، دەرخەری ئەوەن کە لانیکەم نزیک بە ٣٠ لەسەدی خەڵکی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریی ڕەهادا دەژین.

ناوەندی لێکۆڵینەوەی مەجلیسی ڕێژیمی ئیران لەم دواییانەدا بڵاوی کردووەتەوە کە لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا ڕێژەی حەشیمەتی ژێر هێڵی هەژاریی ئێران لە ١٨ لەسەد بۆ زیاتر لە ٢٨ لەسەد بەرز بووەتەوە، واتە لە ٤ کەس یەکیان هەژارە.