کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەژماری تویتێریی "مۆحسێن ڕەزایی" هەڵپەسێردرا

12:21 - 20 خەزەڵوەر 2720

لە درێژەی داخستنی لاپەڕە، ماڵپەڕ و کاناڵەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، تویتێر لاپەڕەی کەسیی "مۆحسێن ڕەزایی" لەسەر تویتێر هەڵپەسارد.

ڕێکەوتی ١٩ی خەزەڵوەر، پەیوەندییە گشتییەکانی سەرۆکی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیمی ئێران بڵاوی کردووەتەوە هەژماری تویتێریی "مۆحسێن ڕەزایی" لەلایەن تویتێرەوە هەڵپەسێردراوە.

"مۆحسێن ڕەزایی" لە لاپەڕەی ئینستاگرامی خۆیدا نووسیویەتی: "بایدن دەبێت هەموو گەمارۆکان هەڵبوەشێنێتەوە، داوای لێبوردن لە ئێران بکات و ئەو زیانە ئابوورییانەی کە بەهۆی گەمارۆکانی ئەوانەوە بەر ئێران کەوتووە قەرەبوو بکاتەوە".

پێشتریش لاپەڕەی "مۆحسێن ڕەزایی" سەرۆکی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیمی ئێران سێ جار لەلایەن ئینستاگرامەوە داخراوە.

هەروەها ساڵی ڕابردوو "ئیلیووت ئابڕامز" بەرپرسی کاروباری ئێران لە وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا داوای لە بەرپرسانی شیرکەتەکانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان کردبوو هەموو هەژماری بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران دابخەن.