کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەککرانی کامێراکانی زیندانی ئێڤین، کاردانەوەی سەرۆکی دەزگای دادی لێکەوتەوە

12:56 - 3 خەرمانان 2721

دوو ڕۆژ دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی کامێراکانی زیندانی ئێڤێن کە ئازار و ئەشکەنجەی زیندانییان نیشان دەدات، ''غولام حوسێن مۆحسێنیی ئێژەیی'' سەرۆکی دەزگای دادی ڕێژیمی ئێران فەرمانی پێداچوونەوە بەسەر ئەو بابەتەی داوە.

گرووپێک بە ناوی ''عەداڵەتی عەلی'' کە کامێرا ئەمنییەتییەکانی زیندانی ئێڤێنی هەک کردووە، لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوو چەندین ڤیدیۆ و وێنەی لەنێو ئەو زیندانەدا بڵاو کردووەتەوە کە لە بەرچاو نەگرتنی مافی زیندانییەکان و هەڵسوکەتی توندوتیژانە لەگەڵ ئەوان پشتڕاست دەکاتەوە.

فەرمانی ''ئێژەیی'' بۆ تاوتوێی دۆخی مافی مرۆڤ لە زیندانەکان لە حاڵێکدا دەر کراوە کە بەردەوام ئەم بابەتە لەلایەن چالاکان و گرووپەکانی مافی مرۆڤ خراوەتە بەر باس، بەڵام دەزگای دادی ڕێژیمی ئێران هیچ کات ئیزنی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆی بە هیچ ناوەندێکی مافی مرۆیی نەداوە و بەردوامیش ئەو بابەتەی ڕەت کردووەتەوە.

لە یەکێک لەو ڤیدیۆیانەدا ئازار و ئەشکەنجەی زیندانییەکان نیشان دەدرێت و کەسێک کە بێهۆش دەبێت لەلایەن چەند مەئموورێکی زیندانەوە ڕادەکێشرێت و بە شێوەیەکی نامرۆڤانە ئازار دەدرێت.

لە ڤیدیۆیەکی دیکەدا زیندانییەک بەتوندی لەلایەن مەئمورانی زیندانەوە لێی دەدرێت.

گرووپی "عەداڵەتی عەلی" لە بەیاننامەیەکدا هۆشداریی دابوو کە ئەو زوڵم و ستەمەی کە ''ئیبراهیم ڕەئیسی" لە خەڵکی دەکات، بەردوام لە قاوی دەدەن.

ناوەندە چاوەدێرییەکان بەسەر دۆخی مافی مرۆڤ بەردەوام بەنیسبەت زیندانییانی سیاسی و دەسبەسەرکراون هۆشدارییان داوە و لە دەیەکانی ڕابردوو ئەشکەنجە و کوژرانی دژبەرانی سیاسی و زیندانییەکانی دیکە لە ئێران دەنگی داوەتەوە.