بەپێی ئاماری ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران، پێوەری نرخی کەلوپەلە خۆراکییەکانی بەرهەمخۆر لە یەکەمین مانگی هاویندا ٦.٤ لەسەد گەشەی کردووە.
بەپێی ئاماری ئەو ناوەندەی ڕێژیم، چوونەسەرەوەی نرخی کەلوپەلی خۆراکی و کرێ خانووەکان شوێندانەریی ڕاستەخۆ و سەرەکییان بووە لە بەرزبوونەوەی هەڵاوسان لە ئێراندا.
ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران بەنیسبەت هەڵاوسانی ١٢ مانگەوە ڕایگەیاندووە: "هەڵاوسان ڕەوتی هەڵکشانی بەخۆوە بینیوە و گەیشتووە بە ٢٦.٤ لەسەد کە ئەمەش ڕێکۆردی ٢١ مانگی ڕابردووی شکاندووە.
ئەو ناوەندەی ڕێژیم باسی لەوە کردووە کە وێدەچێت کە لە کۆتایی ئەمساڵدا ئەو ڕێژەیە بۆ ٣٠ لەسەد بەرز ببێتەوە.
بەرزبوونەوەی نرخی هەڵاوسان بە شێوەی ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر نرخی شتومەک و کەلوپەلەکانی ژیان و خزمەتگوزارییەکان دادەنێت و بەرەبەرە ئاستی بەرهەمهێنان دادەبەزێنێت و گرانی بەدیاری دێنێت؛ هەروەها دەبێتە هۆی داخرانی یەکە و کارخانە پیشەسازییەکان و پەرەسەندنی بێکاریی زیاتر.
سیاسەتە ئابوورییە هەڵەکانی ڕێژیمی ئێران و دووپاتبوونەوەی گەمارۆکان لەسەر ڕێژیمی ئێران و لاوازبوونی سیستمی بانکی و کەمبوونی پارەی نەخت، بارودۆخی ئابووریی ئێرانی گەیاندووەتە ئاستێک کە لە سنووری هۆشداری تێپەڕیوە.