کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵاوسان لە ئێران بەردەوام لە هەڵکشاندایە

12:31 - 6 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: بە پێی ڕاپۆرتەکانی ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی مەجلیسی ڕێژیم، هەڵاوسان بەشێوەیەکی بەرچاو و خێرا لە هەڵکشاندایە.

ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی مەجلیسی ڕێژیم لە ڕاپۆرتێکدا پەرژاوەتە سەر مەعافیەتی ماڵیاتی له یاسای بوودجەی ٩٧ دا  و ڕایگەیاندووە: "که مەعافیەتی ماڵیاتی لە گەڵاڵەی بوودجەی ساڵی داهاتوودا، جیاوازییەکی به نیسبەت ئەمساڵ نییە "

بەپێی پێشبینییەکان، لە ساڵی داهاتوودا هەڵاوسان زیاد دەکات؛ ئەمە لە حاڵێکدایە کە نێونجی تێچووەکانی خۆراک و پۆشاک بۆ بنەماڵەیەکی ٤ کەسی، زیاتر لە ٣٦میلیۆن و٢٠٠ هەزار تمەنە.

پێشتر نرخی هەڵاوسانی ١٢ مانگی ڕابردوو بریتی بووە لە ١٥.٤% کە بەبەراورد لەگەڵ نرخی هەڵاوسانی مانگی ڕەزبەر ٢/٢% زیادی کردووە.

پێوەری نرخی کاڵا و شتومەکە مەسرەفییەکان واتە پێوەری هەڵاوسان لە مانگەکانی ڕابردوودا و پاش بەرزبوونەوەی نرخەکان لە بازاڕی ئەرز و گوشاری نەخدینەیی و کەمی بودجە هاتە ئاراوە؛ ئەگەرچی لێپرسراوانی رێژیم باس لە پلانداڕێژی وردی خۆیان بۆ کۆنترۆڵی بازاڕ دەکەن بەڵام ئامارەکان دەریدەخەن کە ئەم پلان و بەرنامانە هیچ کاریگەرییەکیان نەبووە و کارناسانیش دەڵێن ئەم ڕەوتە لە مانگەکانی داهاتوودا خێراییەکی زیاتر بەخۆوە دەگرن.