برایم جههانگیری
ئەگەر بێی و باسی دێمۆکراسی بکەی مومکین نییە تۆ لە سەرەتاوە لە هەڵبژاردن ڕا دەست پێنەکەی، یان هەڵبژاردن وەک بناخەی ئەو دێمۆکراسییە دانەنێی واتە مادام باسی دێمۆکراسی بکەی ئەوەی بە واتا گشتییەکی پێی دەوترێ حکوومەتی خەڵک بەسەر خەڵکدا مومکین نییە یەکسەر هەڵبژاردن نەکەی بە بنەمای باس و نەڵێی دێمۆکراسی یانی خەڵک مافی ئەوەی هەبێ لە هەڵبژاردنی جۆری سیستەم و دەسەڵات و نوێنەرانی خۆیدا ئازاد بێت کێ هەڵبژێرێ و ئازاد بێت خۆشی کاندید بکا.
خۆ کە باسی هەڵبژاردنت کرد ئەوجار چەمکی ئازاد خۆی دەخاتە پاڵ هەڵبژاردن، واتە هەڵبژاردنی ئازاد بنەمای ئازادی و دیمۆکراسییە بێ هیچ ئەمما و ئەگەرێک، هەر بەو پێیەش ئەگەر هەڵبژاردنێک بۆ هەر ئۆرگانێک و سیستەمێک بێ بەڵام ئازادیی هەڵبژاردنی لەبەر چاو نەبێ کەوایە بە موتڵەقی ئەو دەسەڵات و سیستەمە فڕی بەسەر دێمۆکراسییەوە نییە کاتێ ئازادیی هەڵبژاردن و هەڵبژێران تێیدا ڕەچاو نەکرابێ.
ئەگەر بێینە سەر باسی هەڵبژاردنەکانی ئێران هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکاری ڕێژیمەوە و لە ڕێفراندۆمی "جمهوری اسلامی ارە یا نە" را دەرکەوت کە دەسەلاتدارانی تازەی ئێران لەگەڵ ئازادی و دێمۆکراسیی نەبان و نامۆن و بە هیچ جۆرێ باوەڕیان پێی نییە. هەر بۆیە سەرکردایەتیی کورد زۆر زوو هەستی بەو دیکتاتۆرییەتە و پێشێلکردنی سەرەتاییترین مافی تاک واتە هەڵبژاردنی کەسێک و دیاریکردنی کەسی شیاو وەک نوێنەری خۆی.
لەو کاتەوە تا ئیستا هەر دێ و هەڵبژاردن لە ئێراندا بێماناتر دەبێ و بایەخی خۆی وەک چەمکێکی دێمۆکراتیک لە دەست دەدا، نارەزایەتیی چالاکانی مەدەنی و ڕۆشنبیرانی ئەو وڵاتە وای کردووە کە بەم دواییانە خامنەیی سەبارەت بە نەبوونی ئازادیی هەڵبژاردن لە ئێراندا بێتە دەنگ و بڵێ:
"آیتالله خامنهای: مگر از اول انقلاب تا حالا ما سی و چند تا انتخابات داشتیم، کدامش آزاد نبوده است؟ تو کدام کشور دیگر انتخابات از آن چه که در ایران میگذرد آزادتر است؟ کجا صلاحیتها ملحوظ نمیشود، ملاحظه نمیشود؟ که اینجا روی این مسائل هی تکیه بکنند. هی تکیه بکنند هی بگویند و هی تکرار بکنند؟"
هەڵبژاردنی ئازاد کە ئیستا بۆتە دروشمی نوخبەی سیاسیی ئێرانی ٤٠ ساڵ لەمەو بەر لەلایەن سەرکردایەتیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا پێداگریی لەسەر کرا و هەر بەو پێیە کورد هەڵبژاردن و ڕیفراندۆمی جۆری سیستەم و حکوومەتی ئێرانی بە نادیمۆمکراتیک ناساند و بایکۆتی کرد. ئەوەی لەو پێوەندییەدا جێگای ئاماژەیە و بۆ ئیستاش دەکرێ وەک فاکتێکی گرینگ کەڵکی لێ وەرگیرێ ئەمەیە کە:
سەرکردایەتیی کورد و حیزبی دێمۆکراتی کوردستان وەک پێشەنگی خەبات و تێکۆشان بۆ ئازادی، هەڵبژاردنی جۆری حکوومەتی داهاتووی ئەو کاتی کە بە پرسیاری "جمهوری اسلامی آری یا نە" ڕاپرسی لەسەر کرا بایکۆت کرد. هەر ئەو دەم زۆربەی خەڵکی ئیران و هەندێ لە حیزبە بەناو چەپەکان وەک حیزبی توودە نەتەنیا بایکۆتی ئەو هەڵبژاردنەیان نەکرد بەڵکوو تانەیان لە حیزبی دێمۆکرات دەدا کە بۆ بایکۆتی هەڵبژاردنیان کردووە! کەچی هەر زۆر زوو دەرکەوت کە بڕیاری سەرکردایەتیی کورد کە کۆمەڵە و دێمۆمکراتی ئەو کاتی دەگرتەوە بۆ بایکۆتی هەڵبژاردن بڕیاڕێکی دروست و سیاسەتێکی عەقڵانی بووە و ئەوەی خەڵک و هەندێ حیزب و ڕێکخراوی دیکە وەک بەشداری و پشتیوانیکردن لە بەڕێوەچوونی ئەو ڕیفراندۆمە کردیان بڕێارێکی هەڵە و هەڵەیەکی گەورەی مێژوویی بوو.
ئێستاش بە بارێکی دیکەدا ڕێک لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا هەندێ چالاکی سیاسیی ناوخۆ بە پەیڕەوکردنی سیاسەتی بێخەتەر دەست دەکەن بە قسان و لەسەر بایکۆتی هەڵبژاردنی حیزبەکان دەڵێن جا با بایکۆتی بکەن خەڵک جوان ناداتەوە و بەشداری دەکەن! ئەوان پێیان وایە کە حیزبەکان لە خەڵک دابڕاون ئاگایان لە خەڵک نییە بۆیە بایکۆتی ئەو شانۆگەرییە دەکەن کە بە ناوی هەڵبژاردن لە ئێراندا هەر چوار ساڵ جارێک ئەنجام دەدرێ. ئەوە لە حاڵێکدایە کە حیزب پێشەنگە و بە دوور لە شانتاژی ئەم و ئەو ئەرکیەتی کە پێشڕەوی خەڵک بێت و ڕێگەی دروست نیشانی خەک بدات نەک ئەوەی کە لەبەر باردودۆخی نالەباری ناوخۆ، ترس و دڵەڕاوکێ لە بەشداری نەکردن و مۆری هەڵبژاردن و ناسنامەی ڕەسمی نەکەوتن و زۆر گوشار و هەڕەشە و ئەمما و ئەگەری دیکە بەشێک لە خەڵک بەشداری هەڵبژاردن دەبن ئەوا حیزبیش دەبێ وەدوای ئەو خەڵکە بکەوێ و تووشی هەڵەی سیاسیی قەرەبوو نەکراو بێت.
بەو پێیە ئەوەی لە ئێران ناوی هەڵبژاردنی لێ نراوە لە یەک شانۆسازی بۆ بەرژەوەندی و شەرعییەتدان بە دەسەڵاتی فاشیزمی مەسەبی نەبێ هیچی دیکە نییە و سەرەڕای بوونی دەیان فیلتەر و کاناڵی پشکنین و دۆزینی بیری ئەو کەسانەی خۆیان کاندید دەکەن مومکین نییە یەک کەسی نیشتمانپەروەری کورد بتوانێ بچێتە ناو مەجلیسی شوڕای ئیسلامی و نموونەش ئەوە لەبەر چاومانە و دیتوومانە کە چەند ساڵە نوێنەرانی کوردی هەڵبژێڕدراو چییان بۆ خەڵک کردووە؟ کامە داد و هاواری گەلی بەشخوراوی خۆیان لە بڵێندگۆی مەجلیسەوە بە گوێی جییهان و دەسەڵاتدارانی ئێرانی گەیاندووە؟
لێرەوە بەو ئاکامە دەگەین کە نەتەنیا بایکۆت ئەرکی حیزب و خەڵکی کوردستانە بەڵکوو هەر کەس و لایەنێک بە هەر نێوێک تەبلیغ بۆ بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردندا بکات ئەوا تاوانێک دژ بە گەلی خۆی ئەنجام دەدات کە بە دڵنیاییەوە لە داهاتوودا لە ئاست خەڵک قەرزدار و شەرمەزار دەبێ و سەری هەڵنایە.
ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.