کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵمەتێکی ژینگەپارێزی لە شاری "پیرانشار"دا بەڕێوەچوو

12:19 - 11 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: لە هەڵمەتێکی ژینگەپارێزیدا، ژینگەدۆستانی شاری پیرانشار، مەودای نێوان پۆمپی بێنزین تا بەرانبەر بە پادگانی ئەو شارەیان، لە زبڵ و پاشماوەکان خاوێن کردەوە.

ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، ٩ی گەلاوێژ، لە هەڵمەتێکی تری ژینگەپارێزیدا، لە شوێنی دەروازەی چوونەدەری شار بەرەو نەغەدە، مەودای نێوان پۆمپی بێنزین تا نزیکی شارۆچکەی پیشەسازیی پیرانشار، لە لایەن ژینگەدۆستان و ژینگەپارێزانی پیرانشارەوە، لە زبڵ و پاشماوە خاوێن کرایەوە.

ئەو چالاکییە، بە دروشمی "با لە ژینگەی وڵاتەکەمان بە خاوەن دەرکەوین"، بەڕێوە چوو و وێڕای ئەوەیکە ئەو شوێنە ڕۆحێکی پاکی پێ بەخشرایەوە، جەخت لەسەر ئەو پرسە کرایەوە کە هاووڵاتییان خاوەنی بست بە بستی ئەو خاکەن و پێمان وایە ئەرکی هەر هاوشاری و هاووڵاتییەکە کە دەبێ لە سەرجەم سامانەکانی ئەو نیشتمانە، بە خاوەن دەرکەوێت.

ئەم هەڵمەتە ژینگەپارێزییە، چەند پەیامێکی گرینگی لەخۆوە گرتبوو کە بریتین لە:

با لە سامانەکانی ئاو، خاک، دارستان و سەرجەم شوێن و سروشتی وڵات، هەروەها ئەو دەستدرێژییانە کە بە هۆکارگەلی زۆر، لە لایەن نەیاران و کەسانی نائاگا و بەپێی بەرژەوەندییە تاکەکەسییەکان تووشی وڵات و ژینگەی وڵات دەبن، خاوەندار، بەرپرس و خەمخۆر دەرکەوین.

ئەوە پەیامێکی گرینگە کە پێویستە هەر تاکێکی کۆمەڵگا، هەستی پێ بکات و بە کردەوە هەنگاوی بۆ بنێتەوە کە ئەگەر ئەو هەوڵە نەخەینە گەڕ و خۆمان و کۆمەڵگا لەمەڕ کێشە، مەترسی، دەستدرێژی و تاڵانەکانی سەر شار و ناوچەکە ڕوون نەکەینەوە، بەدڵنیاییەوە بۆ هەتاهەتایە، ڕەوتی نەشیاوی هەنووکە بەردەوام دەبێت.

ئەوەی لەو هەڵمەتەدا جێی هومێد بوو، وەکوو هەموو هەڵمەتەکانی ڕابردوو، بەشداریی بنەماڵەکان، وێڕای منداڵە چاوگەشەکان و هیوای دواڕۆژی نیشتمان بوو.

ئاواتەخوازین فەرهەنگی پاراستنی ژینگە، وەکوو ئەرک و ئەخلاق، لە جەوهەری کەسایەتییەکانماندا جێ بکەوێت و لە کردەوە و ئەخلاقی تاکایەتی و کۆمەڵایەتیماندا ڕەنگ بداتەوە.

ڕەنگە هەڵگرتنەوە یان نەڕشتنی زبڵ و پاشماوەیەک بۆ ئێمە چەند چرکەیەک بخایەنێت، بەڵام بۆ ژینگە، تاوانێکە کە بۆ سەدان ساڵ بەسەریدا دەسەپێت.

ئەو هەڵمەت و چالاکییانە، تایبەت بە ڕێکخراوەی ژینگەپارێزانی پیرانشار نین و ئەو شوێنە، مڵکی هەموو هاووڵاتییانە و جێی هەر کەسێکە کە خۆی بە خەمخۆر و خاوەنی ژینگە و ئەو نیشتمانە دەزانێت.